سه‌رژمێری له‌ عێراق بۆ ساڵی داهاتوو دواخراوه‌

داوای به‌سیاسی نه‌كردنی پرسی سه‌رژمێری ده‌كرێت

K24 – ھەولێر:

پرسی سەرژمێری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دواخراوە بۆ کۆتايی ساڵی داھاتوو کۆبوونەوەکانیش لە نێوان لیژنە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا بەردەوام دەبێت. حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە پێش سەرژمێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئاسايی بکرێتەوە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، پێویستە سەرژمێری لە عێراق بەسیاسی نەکرێت، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەگەڵ ئەوەشدا لە گفتوگۆدان تا ميكانزميكى گونجاو بۆ سەرژمێری بدۆزنەوە لەو ناوچانە و ئاسايیکردنەوەی بارودۆخەكه.

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: ھەنگاوی باش نراوە بۆ سەرژمێری. لە ھەرێمی کوردستانیش ئامادەکاری کراوە، بەڵام  گفتوگۆکان لەسەر کۆمەڵێ پرسی گرنگى تایبەت بە ڕێکارەکانی سەرژمێری بەردەوامن.

لیژنەی باڵای سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان چەند جارێک لەگەڵ لیژنەی باڵای سەرژمێری حکومەتی عێراق کۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ بڕیارێکی واژووکراو نەدراوه‌ لەسەر ميكانیزمى جێبەجێکردنی سەرژمێری و بودجەی پێویستیش لە لایەن حکومەتی عێراقەوە  بۆ ئەو بابەتە تەرخان نەکراوە.

لە کۆبوونەوەی وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا گفتوگۆ لەسەر چوار خاڵی سەرەکی کرا. چۆنێتی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی2021 ئەنجامبدرێت. حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش جەخت لە ئاسايیکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەکاتەوە پێش ئەنجامدانی سەرژمێری، خاڵیكى دیكە رێکخستنەوەی کاری کۆمپانیاکانی کوالێتی جۆریه لە دەروازە سنوورییەکان و پێداچوونەوە بە باشترکردنی کوالیتی ھاوردەکردن، پرسی ھاوکاری سندوقی بیمەی کۆمەڵایەتيش، کە پڕۆژەیەکی بانکی نێودەوڵەتییە و پارێزگاکانی ھەرێمیش بەشدار دەبن تێیدا گفتوگۆى لەسەركرا. دوا خاڵیش لەبارەی ئەو قەرزانە بوو، کە حکومەتی عێراق لە ولاتانی دەرەوە وەریدەگرێت و چۆن پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت. لە سەر ھەر چوار خاڵەکەش کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن تا رێکەوتنى کۆتايی لەسەر دەکرێت لە لایەن ھەردوو لیژنەی باڵاوە.

Fly Erbil Advertisment