دوو هاووڵاتیی کورد لە سنووری پردێ کەوتنە بۆسەیەکی چەکداران و یەکێکیان بریندارە و ئەوی دیکەیان ڕفێندراوە

پەیامنێری کوردستان24، لە کەرکووک ڕایگەیاند: دوو هاووڵاتیی کورد لە سنووری پردێ کەوتنە بۆسەیەکی چەکداران و یەکێکیان بریندارە و ئەوی دیکەیان ڕفێندراوە.
هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24، لە کەرکووک ڕایگەیاند: کەمێک بەر لە ئێستا لە نێوان گوندەکانی زەردک و بیبانی دووهاوڵاتی کوردی خەڵکی کەرکووک کەوتنە بۆسەی چەکدارانی داعشەوە ، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە سەرچاوەیەکی پۆلیسی پردێ دەستی کەوتووە ، دووهاوڵاتی کورد لەسنووری شوانەوە هاتوونەتە سنووری پردێ و لەنێوان هەردوو گوندی زەردک و بیبانی چوار چەکداری داعش هاتوونەتە ڕێگایان دوای پرسیار و لێکۆڵینەوە دوو هاوڵاتییەکەیان دەستگیرکردووە بەناوەکانی پاڵا نەجمەدین و سامان واحید.
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو چەکدارانە گیرفانی دوو هاوڵاتییەکەیان پشکنیوە و پاڵا نەجمەدین کە پۆلیسی بەرگریی و فریاکەوتنە سەیری ناسنامەکەیان کردووە و بەمۆبایل ڤیدیۆیان کردووە، گوتویانە کەسێکی کافرمان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی دوو فیشەکی پێوە دەنێن دەکەوێتە سەر زەوی و چەکدارەکان وادەزانن مردووە و بەجێی دەهێڵن و سامانیش دەڕفێنن.
هەروەها پاڵا خۆی دەگەیەنێتە گوندەکە و خەڵک دەیگەیەننە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێرچاودێری چڕی پزیشکییە و چارەنووسی سامان واحید نادیارە و هێزەئەمنییەکان بەدوای چەکدارەکانەوەن.