ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا دەدات

بەهۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، دەنگ لەسەر دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا دەدات.

دوای ئەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا پرۆژەی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانیان کارا کردەوە کە لە ساڵی 2015دا سەپێندراوە، تەنیا چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنەکە، ئەگەری هەیە دەرفەتێکی نوێ بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئەم پرسە بێتە پێشەوە.

لە کۆتاییەکانی مانگی ئابدا، ئەو سێ وڵاتەی ئەندامن لە ڕێککەوتنەکەدا کە بە "سناپ باک"ناسراوە، ڕێگە بە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا دەدات بەهۆی پابەند نەبوونی ئێران بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بەپێی قسەی ئەنجوومەنەکە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەنیا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە و سزاکانی خۆی بەسەر تاراندا سەپاند.

ئەنجومەنی ئاسایش ماوەی 30 ڕۆژی بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا دیاریی کرد، کۆتایی هەفتەی داهاتوو، ماوەکە کۆتایی دێت.

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتی کردەوە کە، دانیشتنی تاوتوێکردنی پرسی سزاکان کاتژمێر 10ـی بەیانی ڕۆژی هەینی دەستپێدەکات.

بەپێی بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنەکە کە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ڕێککەوتنی نێوان ئێران و زلهێزەکان داناوە، پڕۆژە بڕیارێک دەخاتە دەنگدان، بەپێی ئەو دەنگدانە یا سزاکان وەکو خۆیان دەمێننەوە، یاخود هەڵدەگیرێن.

بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە، پێویستە پێشنیازەکە ڕەزامەندی 9 لە 15 ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەدەست بهێنێت، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم ژمارەی ئەندامان ئامادە نابن، ئەمەش ئەگەری دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان زیاتر دەکات..

وڵاتانی ئەورووپا پێیان وایە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، بەڵام تاران ئەمە ڕەتدەکاتەوە و بەرگریی لە مافی خۆی دەکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی.

 
 
Fly Erbil Advertisment