وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ڕوبیۆ بەشداری کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ گەڕاندنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بنەما سەرەکییەکانی خۆی، بەشداری 80هەمین کۆبوونەوەی گشتیی دەکات.
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025 تۆمی پیگۆت، جێگری سەرەکیی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە بەشداری 80هەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ لە 22 تا 25ی ئەیلوول لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ برەودان بە ئەولەویەتەکانی ئەمەریکا کە بریتین لە ئاشتی، سەروەری و ئازادی لە 80هەمین خولی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشداری کۆبوونەوەکە لە شاری نیویۆرک دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکە، لەگەڵ هاوتا سەرەکییەکانیدا کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکان، هێنانی ئاشتی بۆ ململانێکان، و هاوکاریی دوو لایەنەکان دەکات.
هەروەها ئەو کۆبووەنەوەیە وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بنەما سەرەکییەکانی و ئاراستەکردنەوەی ڕێکخراوەکە بەرەو بنچینەکانی وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ برەودان بە ئاشتی، نەک بیرۆکراسییەتێکی هەڵئاوساو کە سازش لەسەر سەروەریی نیشتمانی دەکات و ئایدیۆلۆژیای وێرانکەرانەی وەک DEI (جۆراوجۆری، یەکسانی، و گشتگیری) بڵاو دەکاتەوە.
هاوکات میدیاکان باس لەوە دەکەن، کە مارکۆ ڕوبیۆ و سێرگی لاڤرۆڤ، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ دەبنەوە.
