ئەردۆغان بۆ ناتانیاهۆ: گەنجینەی قودس ڕادەست ناکەین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ، جەختی کردەوە لەوەی تورکیا هەرگیز ئەو نەخشە مێژوویی و شوێنەوارییە ڕادەستی ئیسرائیل ناکاتەوە کە لە تونێلێکدا لەژێر قودس، لە سەردەمی عوسمانیدا دۆزیویانەتەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەو پارچە شوێنەوارە مێژووییە کرد کە بە پاڕچە شوێنەواری سیلوان یاخود پارچە شوێنەواری شیلواح ناسراوە و مێژووەکەی بۆ 2700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ئێستا لە مۆزەخانەی ئیستانبوڵ پارێزراوە.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، ساڵی 1998 دەستبەرداری هەوڵەکانی بووە بۆ گێڕانەوەی ئەو پارچە شوێنەوارییە لە ئیستانبوڵ، چونکە پێی وابووە توڕەیی شەقامی تورکی لێدەکەوێتەوە کە ئەوکات ئەردۆغان سەرۆکی شارەوانی شارەکە بوو.
ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بە "وروژاندنی ڕق و کینە" بەرانبەر تورکیا تۆمەتبار کرد و گوتی: بەهۆی ئەوەی پارچە شوێنەوارەکانی "ئەمانەتی باوباپیرانمان" نەگەڕاندووەتەوە، لێدوانی ڕق و کینە دەدات، قودس شەرەف و کەرامەت و سەروەری موسڵمانان و هەموو مرۆڤایەتییە، ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا ناتانیاهۆ بەبێ شەرمی داوای وەرگرتنەوەی پارچە شوێنەوارەکەی سلیوان دەکات، گوتیشی: تەنانەت یەک بەردیش کە موڵکی قودس بێت نایدەین.
ئەو پارچە شوێنەوارە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا لەناو تونێلی سلیوان دۆزرایەوە، تونێلەکە کەناڵێکی ئاوی کۆنە و لەژێر قودسدا هەڵکەوتووە.
پارچە شوێنەوارەکە، تەختە بەردێکی لیمۆییە کە چۆنییەتی دروستکردنی تونێلەکە باس دەکات لە ساڵی 1880، کاتێک قودس بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دواتر پارچە شوێنەوارەکە گواستراوەتەوە قوستەنتینیە کە ئێستا ئیستانبوڵە، لەو کاتەوە تا ئێستا پارچە شوێنەوارەکە لەوێ ماوەتەوە.
بۆ ئیسرائیلیش، ئەم پارچە شوێنەوارە بەڵگەیەکی مێژووییە کە بوونی جووەکان لە قودس دەسەلمێنێت، ئەوەش بابەتێکە ساڵانێکە ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لە کاتی کردنەوەی تونێلێکی شوێنەواری لە سلیوان، ناتانیاهۆ پارچە شوێنەوارەکەی وەک یەکێک لە گرنگترین پارچە شوێنەوارەکانی ئیسرائیل دوای دەستنووسەکانی دەریای مردوو، ناوزەد کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی 1998 پێشنیازی پێدانی چەندین پارچە شوێنەواری سەردەمی عوسمانی لە مۆزەخانەکانی ئیسرائیل بە سەرۆک وەزیرانی تورکیا مەسعوود یەڵماز داوە لە بەرانبەر ئەو پارچە شوێنەوارەی ژێر قودس، بەڵام ئەوکات داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە، گوتی:" ئەمە شاری ئێمەیە، بەڕێز ئەردۆغان، ئەمە شاری تۆ نییە، هەمیشە لێرە دەمێنینەوە".
ئەردۆغانیش کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەهۆی شەڕی غەززەوە زۆر خراپ بووە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو وەڵامی توڕەییەکانی ناتانیاهۆی دایەوە و گوتی:" ئێمە وەک موسڵمانان لە مافەکانمان لە قودسی ڕۆژهەڵات پاشگەز نابینەوە."