بەشێک لە هاووڵاتیانی ئێران توانای کڕینی مریشکیان نییە

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا نرخی مریشک لە بازارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. وەزیری کشتوکاڵی ئیران ڕایگەیاندووە، گەرما و پچڕانی کارەبای کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر هۆکاری ئەم گرانییەیە و بە فێنکبوونی هەوا کێشەکە کۆتایی دێت. 

لە مانگی ڕابردوودا نرخی مریشک لە بازارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیک 60% بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا کە نرخی پەسندکراوی حکوومەت بۆ کیلۆیەک گۆشتی مریشک 108 هەزار تومەنە، لە هێندێک شوێن بە زیاتر لە 160 هەزار تومەن دەفرۆشرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کڕینی مریشک لە لایەن هاووڵاتییانەوە زۆر کەم بێتەوە.

حەمەساڵح موکریانی، مریشک فرۆش گوتی: هاووڵاتیان توانای کڕینی مریشکیان نییە، بە نموونە ئەگەر کڕیارێک پێشتر لەهەفتەیەکدا چوار مریشکی کڕیبوایە ئێستا لەیەک هەفتە دوو مریشک دەکڕێت.

ناسر فاڕووقی، دانیشتووی بۆکان دەڵێت: نرخی مریشک زۆر گرانبووە، پێشتر پێنج یان شەش یان 10 مریشکم دەکڕی، بەڵام ئێستا یاوەکوو مێوانێک نەیەت مریشک ناکڕم، هەر نایخۆم، ئەگەر زۆر پێویستیشم بێت یەک یان دوودانە دەکڕم.

وەزیری کشتوکاڵی ئێران ڕایگەیاندووە پچڕانی کارەبای کێڵگەکانی پەلەوەر و گەرما لە وەرزی هاویندا بووەتە هۆی ئەوەی مریشکەکان باش گەشە نەکەن و زووتر لە کاتی گونجاو ڕەوانەی بازاڕ بکرێن، ئەمەش بووەتە هۆی گرانبوونی مریشک، بەڵام خاوەن کێڵگەکان دەڵێن: گرانبوونی خۆراکی مریشک و بە تایبەت گەنم و جۆر و گەنمەشامی و سۆیا و گرانبوونی زیاتری تێچووی کێڵگەکان هۆکاری ئەم گرانییەیە

سۆران کەریمی / خاوەنی کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر ڕایگەیاند، ئەو بەر خۆراکانەی وەک سۆیا و بابەتەکانی دیکە کە لە دەرەوە دێت گرانە، گرانبوونەکەشی بەهۆی بەرزی نرخی دۆلارەوەیە.

جیا لە گۆشتی مریشک، هێلکەش لەو ماوەیەدا بە ڕێژەی 95% گران بووە. هاووڵاتییان دەڵێن گرانی هەر تایبەت بە مریشک و هێلکە نییە و هەموو پێداویستییەکانی ژیانیانی گرتووەتەوە.

کاڵێ ئیسماعیلی، خاوەنی نانەواخانە باسی لەوە کرد، خەڵک ناچار نییە سێ یان چوار مریشک بەیەکەوە بکڕێت، بەڵکو یەک مریشک دەکڕێت و دەستی پێوە دەگرێت، چونکە مێوانیش نەماوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر مریشک گران نەبووە، بەڵکو هەمووشتێک گران بووە هیج شتێک لە جێگای خۆی نەماوە.

ئێران بۆ کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەر ساڵانە پێویستی بە 17 ملیۆن تۆن خۆراک هەیە کە بەشی سەرەکیی ئەم خۆراکەش لە گەنمە شامی پێک هاتووە، بەڵام تەنیا 900 هەزار تۆن گەنمەشامی لەناو ئێراندا بەرهەم دێت و باقییەکەی هاوردە دەکرێت، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ دابەزینی بەهای دراوی ئێران لە بەرانبەر دۆلاردا، ئەم خۆراکانەش گران بن و نرخی گۆشتیش بەرز بێتەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment