پزیشکیان: دامەزراوەی لە نەتەنز گەورەتر دروست دەکەین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن ڕێگریمان لێ بکەن؛ ئەوان هێرشیان کردە سەر نەتەنزی ئێمە، بەڵام ئێمە دامەزراوەی لە نەتەنز گەورەتر دروست دەکەین.
شەممە، 20ـی ئەیلوول 2025، سەرۆک کۆماری ئێران، لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنی براوەکانی ئۆلۆمپیادی زانستیی جیهانی، ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سەپاندنەوەی سزاکان، کە دوێنێ هەینی ڕاگەیەنرا، گوتی: ئەوان بە سەپاندنەوەی سزاکان دەیانەوێت ڕێگەی دانوستان و دیپلۆماسی دابخەن.
پزیشکیان، هەروا گوتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن ڕێگریمان لێ بکەن؛ ئەوان هێرشیان کردە سەر نەتەنزی ئێمە، بەڵام بە پشتیوانی ئێوە، زانایان و شارەزایانی ئێرانی، دامەزراوەی لە نەتەنز گەورەتر دروست دەکەن.
سەرۆک کۆمار، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: باوەڕی من ئەوەیە و چەندین جاریش ڕامگەیاندووە، سامانی ڕاستەقینەی وڵات سەرچاوەکانی نەوت و گاز و کانزاکانی زێڕ نییە، بەڵکو ئێوەی گەنجانی زیرەک و داهێنەرانن.
پزیشکیان گوتیشی: ڕەنگە دوژمن بتوانێت دەستکەوتە زانستییەکانی ئێمە بۆمباران بکات، بەڵام پسپۆڕان و زانایانی ئێمەن کە ئەم دامەزراوانەیان دروست کردووە، هەر ئەوانیش دەتوانن دووبارە بە باشترین و پێشکەوتوترین شێوە دروستیان بکەنەوە.