جموجووڵی داعش لە سنووری کەرکووک زیادی کردووە؛ "ناتوانین بەبێ چەک دەربکەوین"

لە سنووری شارەدێی پردێ، دوو هاوڵاتی کوردی خەڵکی کەرکووک کەوتنە بۆسەیەکی چەکدارانەوە و لە ئەنجامدا یەکێکیان بە سەختی بریندار بوو و ئەوی دیکەیان لەلایەن چەکدارەکانەوە ڕفێندرا. هێزە ئەمنییەکان گومانیان هەیە کە ئەنجامدەرانی هێرشەکە چەکدارانی داعش بن.

ڕووداوەکە لە کاتێکی درەنگانی شەوی هەینی، 19ـی ئەیلوولی 2025، لە نزیک گوندی "زەردکە" لە سنووری شارەدێی پردێ ڕوویداوە، کاتێک چوار چەکداری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی 'پاڵە نەجمەدین' و 'سامان واحید'. 

لە ئەنجامی تەقەی چەکدارەکاندا، پاڵە نەجمەدین بریندار بووە و توانیویەتی لە دەستیان هەڵبێت، بەڵام سامان واحید لەلایەن چەکدارەکانەوە بەرەو شوێنێکی نادیار ڕفێندراوە.

دانیشتوانێکی گوندی زەردکە بەناوی حەسیب محەممەد، بە پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاندووە، ئەم ڕووداوە دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆری لەناو خەڵکی گوندەکەدا دروستکردووە و تا بەرەبەیان خەڵک بەخەبەر بوون.

دوابەدوای ڕووداوەکە، هێزێکی زۆری ئەمنی عێراقی گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و هەڵمەتێکی کێوماڵکردنی بەرفراوان کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕفێنراوەکە و ئەنجامدەرانی هێرشەکە، بەڵام هەتا ئێستا هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

عومەر، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، ئاماژەی بە مەترسییە ئەمنییەکانی سنوورەکە کرد و ڕایگەیاند: "خەڵکی ناوچەکە بەبێ چەک لە ماڵەکانیان ناچنە دەرەوە. کاتێک بیانەوێت بۆ هەر کارێک بچنە دەرەوە، چەند کەسێک پێکەوە دەچن و چەکیش لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن."

کەسوکاری قوربانییەکان لە شۆکێکی گەورەدان و چاوەڕێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن. ستار ئەحمەد، یەکێک لە کەسوکاری سامان واحیدی ڕفێنراو، بە کوردستان24ی گوت: "گومانی خێڵەکیمان لە هیچ کەسێک نییە، هەموو دانیشتووانی ناوچەکە خزم و کەسی خۆمانن و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیاندا نییە."

ئەم ڕووداوە یەکەمجار نییە کە لەم ناوچەیە ڕوودەدات. سنووری پردێ و ناوچەکانی دەوروبەری، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆشاییەکی ئەمنی تێکەوتووە. ئەم بۆشاییە وایکردووە کە گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەتی پاشماوەکانی داعش، ناوچەکە وەک ڕێڕەوێک بۆ جموجۆڵەکانیان بەکاربهێنن و زۆر جار کردەوەی توندوتیژی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام بدەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment