چین دواین زانیاری لەسەر ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات
"ئاماژەکان دڵخۆشکەرن"
K24- هەولێر:
ئەو ڤاکسینەی کۆرۆنا کە لە لایەن چینەوە بەرهەمهێنراوە، لە یەکەم پشکنینی سەرەتایی، ئاماژەی دڵخۆشکەری هەبووە.
ڤاکسینەکە لە لایەن پەیمانگەی پەکین بۆ بەرهەمە بایۆلۆژییەکان بەرهەمهێنراوە و بە گوێرەی دواین زانیارییەکانی گروپی نیشتمانی دەرمانسازی چین، ڤاکسینەکە سەلامەتە و بەرگری دژی کۆرۆنا دروست کردووە.
لە مانگی حەوتی ئەمساڵ، ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ تاقیکرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەسەرکەوتوویی لەسەر مەیمون تاقیکرایەوە.
ڤاکسینەکە کاریگەری لاوەکی ئەوتۆی نییە و زیان لە تەندروستی مرۆڤ نادات، بەڵام دەکرێت ئازاری ماسوولکە و تا بە دوای خۆیدا بهێنێت.
تاقیکردنەوە لەسەر 800 کەس کراوە، تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 80 ساڵانن.
رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی ئاشکرایکردووە، بەرگری ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەر 60 ساڵ بووە، کەم بووە، بەڵام دوای 42 رۆژ گۆڕانکاریی روویداوە، بەڵام لە کەسانی گەنج بەرگری زیاتر بووە و لەدوای 28 رۆژ بەرگری دژی کۆرۆنا دروستبووە.