شۆفێران و هاووڵاتییان ستایشی کردنەوەی جادەی دووسایدی شێخان-لالش دەکەن
ئەمڕۆ شەممە، 20 ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتسایدی شێخان-لالشی لە سنووری پارێزگەی دهۆک کردەوە، بۆ ئەمەش هاووڵاتییان و شۆفێران ستایشی پرۆژەکە دەکەن و خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن.
پرۆژەی جادەی دووسایدی ستراتیژیی نێوان شێخان و پەرستگای لالش، کە ماوەیەک لەمەوبەر دەست بە جێبەجێکردنی کرابوو، بە شێوەیەکی فەرمی بە ڕووی شۆفێران و هاووڵاتییاندا کرایەوە. ئەم پرۆژەیە، کە بە ستانداردێکی بەرزی جیهانی دروستکراوە، ئاسانکارییەکی بەرچاو بۆ هاتوچۆ لە ناوچەکەدا دابین دەکات و مەترسییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆی کەم کردووەتەوە.
جادەکە کە درێژییەکەی زیاتر لە 8 کیلۆمەترە و پانییەکەی نزیکەی 25 مەترە، بە گوژمەی 26 ملیار دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە. کردنەوەی ئەم ڕێگایە خۆشحاڵییەکی زۆری لای شۆفێران و دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە، کە پێشتر بەهۆی یەکسایدی و خراپیی ڕێگاکەوە تووشی کێشەی زۆر دەبوونەوە، بەتایبەت لە کاتی بۆنە و جەژنە ئایینییەکاندا کە هەزاران کەس ڕوویان لە پەرستگای لالش دەکرد.
هاووڵاتییان و شۆفێران سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگە. یەکێک لە شۆفێران ئاماژەی بەوەدا کە "پێشتر ڕێگاکە زۆر ناخۆش بوو، بەڵام ئێستا زۆر بە ئاسوودەیی هاتوچۆ دەکەین و هەست بە ئارامی دەکەین." هاووڵاتییەکی دیکەش گوتی: "پێشتر لە شێخانەوە بۆ لالش نزیکەی کاتژمێرێکی پێدەچوو، بەتایبەت لە کاتی قەرەباڵخیدا، بەڵام ئێستا ماوەکە زۆر کورت بووەتەوە. بۆیە زۆر سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دروست کردن ئەو جووتسایدە"
پرۆژەکە بەهۆی گرنگیی ستراتیژیی پەرستگای لالشەوە، کە ناوەندێکی پیرۆزی ئایینییە بۆ خوشک و برایانی ئێزدی، بایەخێکی تایبەتی هەیە. ساڵانە هەزاران کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق سەردانی ئەم پەرستگایە دەکەن، و کردنەوەی ئەم جادە نوێیە کارئاسانییەکی گەورە بۆ گەیشتنیان دابین دەکات.
جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا و بە دیزاینێکی ئەندازیاریی سەردەمیانە، وەک دەستکەوتێکی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنوورەکەدا هەژمار دەکرێت، کە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی ناوچەکەیە.