شارەزایەکی سیاسی: ئەگەری کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان زۆرە

مورتەزا مەککی، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند، ئەگەر لە هەشت ڕۆژی داهاتوودا، ڕێککەوتنێکی کاتی، یان دیدارێک لەنێوان ئەورووپییەکان و شاندی ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی نیویۆرک بکرێت، لەوانەیە میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بۆ ماوەی شەش مانگ دوا بخرێت.

مورتەزا مەککی، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' سەبارەت بە کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، گوتی: لێدوان و جموجووڵە سیاسییەکان نیشانی دەدەن کە هیوایەک بۆ قایلکردنی ئەورووپییەکان تاکوو لە هەڵوێستەکانیان پاشگەز ببنەوە، نییە.

هەڵوێستی توندی ئەورووپا و شکستیهێنانی دیپلۆماسی

مورتەزا مەککی، گوتیشی: هەڵوێستی ئەورووپا بەرانبەر بە ئێران توندتر بووە و وەک ڕابردوو ڕۆڵی نێوەندگیر نابینن. هۆی ئەم هەڵوێستگۆڕینەش بۆ هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران و شەڕی غەززە دەگەڕێتەوە، کە وایانکردووە سێ وڵاتەکەی ئەورووپا لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل، هاوهەڵوێست بن.

ئەم شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستپێشخەرییەکانی ئێران، وەک "ڕێککەوتنی قاهیرە" لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کاردانەوەی ئەرێیی ئەورووپییەکانی بەدواوە نەبووە. ئەوان چەند داواکارییەکان لە دەرەوەی ڕێککەوتنەکە هەیە. دوا خولی دانوستانەکانیش لەنێوان عێراقچی و بەرپرسانی ئەورووپیی نیشانی دا کە ئەورووپییەکان هیچ نەرمییەک نانوێنن.

 مەککی پێیوایە لۆبیی ئیسرائیلی ڕۆڵێکی چالاکی لەم هەڵوێستەی ئەورووپادا هەبووە، وەک لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ کەناڵێکی ئیسرائیلی دەرکەوت.

هیوایەکی کەم بۆ دواخستن

سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، مەککی گوتی: لە هەشت ڕۆژی داهاتوودا، تەنها ئەگەر ڕێککەوتنێکی کاتیی بکرێت یان دیدارێکی ئاستبەرزی سیاسی لە نیویۆرک بکرێت، ڕەنگە موعجیزەیەک ڕوو بدات و میکانیزمەکە بۆ شەش مانگ دوا بخرێت.

ئەو ئاماژەی بە پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان بەرپرسانی ئێران و ڕۆژئاوا و هەروەها پاشەکشەی ئێران لە بڕیارنامەیەکی پێشنیازکراو لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم، کرد وەک ئاماژەیەکی ئەرێیی بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت کاراکردنەوەی سەپاندنەوەی سزاکان بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

نیگەرانیی ئەورووپا لە فرەدەنگیی ناوخۆی ئێران

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ئەورووپاییەکان پێیانوایە لە ئێراندا یەکدەنگی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نییە. مەککی جەختی لەوە کردەوە "ئەگەر پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە دیدارەکانیدا لە نیویۆرک نیشانی بدات کە ئەو پێشنیازانەی شاندی دانوستانکاری ئێران کردوویانە بڕیاری کۆی سیستەمە، ڕەنگە ببێتە هۆی کرانەوەیەک و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی."

بەرنامەی مووشەکی هێڵی سوورە

مورتەزا مەککی، ڕوونیشیکردەوە کە ئەمەریکییەکان پرسی مووشەکیی ئێرانیان لە هەر دانوستانێکدا کردووەتە مەرج، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران بەرنامەی مووشەکیی خۆی بە بەرنامەیەکی بەرگری و هۆکارێکی ڕێگری لە بەرانبەر ئیسرائیلدا دەزانێت و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە گفتوگۆی لەسەر بکات. بۆیە ئەگەر ڕۆژئاوا لەسەر ئەم داواکارییە سوور بێت، ئەوا هیچ ڕێککەوتنێک بەدی نایەت.

ئەگەری هێرشی سەربازی تا کۆتایی 2025

مەککی هۆشداری دا لەوەی کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، ڕەنگە وەک پاساوێک بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بەکار بهێنرێت. بە بڕوای ئەو، ئەگەری هێرشی دووبارە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە تا کۆتایی ساڵی 2025 زۆرە. لەم ماوەیەدا ئێران هەوڵ دەدات کەلێنە بەرگرییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە.

گۆڕانی هەڵوێستی ڕووسیا و چین

لە کۆتاییدا، مەککی، ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ کرد و گوتی: هەڵوێستی ڕووسیا و چین بەرانبەر بە میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ڕووسیا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە پابەندی بڕیارنامە نوێیەکان نابێت و چینیش کاراکردنی میکانیزمەکەی بە نایاسایی زانیوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دوو وڵاتە، وەک ڕابردوو پابەندی سزاکانی سەر ئێران نابن و ڕەنگە دەلاقەیەک بۆ دەربازبوون لە سزاکان بۆ ئێران بهێڵنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی گشتیی بۆ ئێران چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسی-ئەمنییەوە دژوارتر دەبێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment