پێنتاگۆن کۆتوبەندی توند بەسەر میدیاکاندا دەسەپێنێت

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) کۆمەڵێک ڕێکاری نوێی بۆ ئەو میدیایانە ئاشکرا کرد کە ڕووماڵی کاروباری سەربازیی وڵاتەکە دەکەن. بەپێی ڕێکارەکان، ڕۆژنامەنووسان دەبێت بەڵێننامەیەک مۆر بکەن بەوەی هیچ زانیارییەک بڵاو نەکەنەوە کە بە فەرمی مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی پێ نەدرابێت، هەروەها جووڵەشیان لەناو وەزارەتی جەنگدا سنووردار دەکرێت.
ڕێنماییە نوێیەکان، کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە چوارچێوەی یاداشتێکی درێژدا بەسەر پەیامنێراندا دابەش کراوە، داوا دەکات ڕۆژنامەنووسان بەڵێننامەیەک مۆر بکەن بۆ پابەندبوون بە ڕێساکانەوە، ئەگەرنا مەترسیی لەدەستدانی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.
ئەم هەنگاوە، نوێترین هەوڵی ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووماڵی میدیایی سیاسەتەکانی، دوای ئەوەی ناوبراو پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە هەواڵە نەرێنییەکان ڕەنگە "نایاسایی" بن.
لە یاداشتەکەی پێنتاگۆندا هاتووە "زانیارییەکان دەبێت پێش بڵاوکردنەوەیان لەلایەن بەرپرسێکی باڵاوە پەسەند بکرێن، تەنانەت ئەگەر پۆلێننەکراویش بن. ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانە دەکات کە لە سەرچاوەی ئاگاداری بێناوەوە وەرگیراون."
یاداشتەکە، هەروەها وردەکاریی کۆتوبەندی نوێی بەرفراوان لەسەر ئەو شوێنانە دەخاتەڕوو کە پەیامنێرانی پێنتاگۆن دەتوانن بەبێ یاوەریی فەرمی لەناو بارەگا فراوانەکەی سوپا، لە دەرەوەی واشنتن، سەردانی بکەن.
پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "چیتر ڕێگە بە میدیا نادرێت لە هۆڵەکانی دامەزراوەیەکی ئەمنیدا بسووڕێتەوە."
ئەم ڕێسا نوێیانە چەند مانگێک دوای ئەوە دێن کە هێگسێس ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە، بەهۆی ئاشکراکردنی کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن، لە گرووپ چاتێکی سیگناڵدا کە بە هەڵە پەیامنێرێکیشی تێدا بوو.
مایک باڵسامۆ، سەرۆکی یانەی ڕۆژنامەوانیی نیشتمانی، ڕەخنەی توندی لە ڕێسا نوێیەکان گرت و داوای لە پێنتاگۆن کرد بەپەلە بیانکێشێتەوە.
باڵسامۆ، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئەگەر هەواڵە سەربازییەکان سەرەتا دەبێت لەلایەن حکومەتەوە پەسەند بکرێت و ئەنجا ئێمە بڵاویان بکەینەوە، ئەوا چیتر خەڵک ڕاپۆرتی سەربەخۆی دەست ناکەوێت."