دۆسیه ئابڕووبه‌ره‌كه‌ی بازرگارنێك له باره‌ی نه‌وته‌وه، بووه‌ته هێمای لووتكه‌ی گه‌نده‌ڵیی سیاسی و دزه نه‌قۆڵاكانی عێراق

دۆسیه ئابڕووبه‌رانه‌كه‌ی سالم ئه‌حمه‌د سه‌عید، بازرگانیی عێراقی كه به قاچاغبردن و تێكه‌ڵكردنی نه‌وتی عێراق به نه‌وتی ئێران تۆمه‌تباره، زیانی گه‌وره‌ی به كرۆكی سامانه نیشتمانییه‌كانی عێراق گه‌یاندووه و حكوومه‌تی عێراقی له یه‌ك كاتدا خستووه‌ته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی، به‌ڵام حكوومه‌ت تا ئێسته له به‌رانبه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌یدا ده‌سته‌وسان و حه‌په‌ساوه و شه‌قامی عێراقیش ڕۆژ دوای ڕۆژ ئومێدی به لیژنه و لیژنه‌كاری نامێنێت و پێی وایه، ئه‌م دۆسیه‌یه وه‌كوو هه‌ر دۆسیه‌یه‌كی دیكه، تۆزی له‌سه‌ر ده‌نیشێت.
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق 5ـی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵ و له دوای سزاسه‌پێنراوه‌كانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر سالم ئه‌حمه‌د و كۆمپانیاكانی ڕایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیرییان له گرێبه‌سته‌كانی ئه‌و بازرگانه عێراقییه ده‌ست پێكردووه، كه گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ له كۆمپانیای (VS Oil Terminal) و ڕۆڵی كۆمپانیای سۆمۆ له گواستنه‌وه‌ی تانكه‌ره نه‌وتییه‌كان و داهاتی ڕاستەقینەی گرێبەستەکان بە بەراورد بە تێچوونەکان، هەروەها گومانی قاچاغچێتی لە ڕێگەی بەندەرەکانی وشکایی و دەریاییەوە له‌خۆ ده‌گرێت.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی سێ مانگ به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی پێكهێنانی ئه‌و لیژنه‌یه‌دا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام تا ئێسته مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌زه و وه‌كوو هه‌ر دۆسیه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ستیار، تۆزی له‌سه‌ر نیشتووه و كه‌س به لایدا نه‌چووه و سه‌روسۆراغی نییه، كه ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م دۆسیه‌یه ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه به سالم ئه‌حمه‌د سه‌عید، به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه بۆ سه‌ر ستراتیژیه‌تیی عێراق، به‌و پێیه‌ی عێراق له بازاڕی نه‌وتی جیهانیی متمانه له ده‌ست ده‌دات و ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه ئه‌گه‌ر به ته‌واوی پشتڕاست بكرێته‌وه و بسه‌لمێنرێت، له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ڕووبه‌ڕووی سزای لاوه‌كی ببێته‌وه، به‌مه‌ش ناوبانگی له بازاڕای نه‌وتی جیهانی له‌كه‌دار ده‌بێت و كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر نه‌وت و كوالێتیتییه‌كه‌ی دروست ده‌كات.
یه‌كێك له كۆمپانیاكانی سالم ئه‌حمه‌د له ساڵی 2021 توانی گرێبه‌ستی ته‌نده‌رێك بۆ به‌كرێدانی 41 سه‌كۆ له به‌نده‌ری خوور زوبێر وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ چه‌ند عه‌مبارێكی زه‌مینی بۆ كۆگاكردن و هه‌ڵگرتنی نه‌وتی ڕه‌ش، بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی كاره‌كانی كۆمپانیاكه، گومانەکان لەسەر تێکەڵکردنی سیسته‌ماتیکی نەوتی ئێران و عێراق لەناو عه‌مباره‌كان ده‌ركه‌وتن، پێش ئەوەی لەژێر ناوی نەوتی فەرمی عێراق هەناردە بکرێتەوە.
ڕاستییه‌كه‌ی دۆسیه‌ی سالم ئه‌حمه‌د و چیرۆكی هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌ی به كرێدانی 41 سه‌كۆكه، تاكه دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی نییه له باره‌ی به قاچاغبردنی نه‌وتی عێراق، به‌ڵكوو ئه‌و دۆسیه‌یه بووه‌ته ئاوێنه‌ی هه‌ره دیار و به‌رچاو و لووتكه‌ی ئابڕووچوونه‌كانی دۆسیه‌ی نه‌وت له عێراق له دوای ساڵی 2003 و بووه‌ته سیمبۆڵی فه‌سادی سیاسی و خراپبه‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و وڵاته و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌تایبه‌تی وڵاتانی هه‌رێمی بۆ دزین و تاڵانكردنی سامانه سروشتییه‌كانی عێراق و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تۆڕه سنووربڕه‌كان و دزه نه‌قۆڵاكان.
لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2022 لە ڕاپۆرتێکی سەرەتاییدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "داهاتی کرێی مانگانه‌ی گرێبه‌سته‌كانی كۆمپانیای سۆمۆ زۆر کەمترە لە بەهای بازاڕیان، هەروەها کەلێنێک لە گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆدا هەیە کە ڕێگە بە کۆمپانیای بەکرێدەر دەدات مامه‌ڵه به بڕێکی له ڕاده‌به‌ده‌ر و بێسنووری نه‌وت بكات". هاوكات سه‌رباری ئه‌وه گرێبه‌سته‌كه‌ی كۆمپانیای سۆمۆ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌ی سالم ئه‌حمه‌د به‌رده‌وام بوو، تاوه‌كوو ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تای ته‌ممووزی ئه‌م ساڵدا سزای به‌سه‌ر سالم ئه‌حمه‌د و كۆمپانیاكه‌یدا سه‌پاند.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تای مانگی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵ، سالم ئه‌حمه‌د و ژماره‌یه‌ك له كۆمپانیاكانی خسته ناو لیستی ڕه‌شه‌وه، تۆمه‌تی به‌قاچاغبردنی نه‌وتی ئێرانی به بڕی چه‌ندین ملیار دۆلار و ساخته‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی به هاریكاریی به‌رپرسانی عێراقی خسته پاڵ، هاوكات له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كردنی تۆمه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به پێدانی به‌رتیل بۆ ئاسانكاری گواستنه‌وه‌ی تانكه‌ره‌كانی نه‌وت به قاچاغ و پاره‌داركردنی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسادارانی ئێران.
ئێسته شه‌قامی عێراقی چاوه‌ڕوانی ئه‌نجام و بڕیاره‌كانی لیژنه‌كه‌ی ده‌ستپاكی و حكوومه‌تی عێراقن، به‌ڵام به پێی ئه‌زموونی ڕابردووشیان، هه‌ر چه‌نده لێك ده‌ده‌نه‌وه و حیساب و كیتابی بۆ ده‌كه‌ن، ناچێته عه‌قڵ، حكوومه‌ت بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بێت بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بدات و به پێی یاسا سزای تۆمه‌تباران بدات و ناوه‌كانیان بۆ ڕای گشتیی ئاشكرا بكات، مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی گرێدراوی دۆسیه‌كه به سزا سه‌پێنراوه‌كانی سه‌ر ئێران، بتوانێت قسه‌ی كۆتایی له باره‌وه بكات.