سامان سیوەیلی: وەزارەتی پەروەردە هەنگاوی گەورەی بۆ چاکسازی ناوە
لە هەرێمی کوردستان دەرگای خوێندن بەڕووی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابیدا کرایەوە

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە هەنگاوی گەورەی بۆ چاکسازی ناوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند کە ئەمڕۆ دەرگای خوێندن بەڕووی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابیدا کرایەوە. سوەیلی ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەتی پەروەردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، هەنگاوی گەورەی ناوە بە ئاراستەی چاکسازی لە ژینگەی قوتابخانە و باڵەخانەکان، نۆژەنکردنەوەی بینا و بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی خوێندن و دانانی کۆمەڵێک پلاتفۆرمی نوێ بۆ قوتابییان.
سیوەیلی گوتی: "بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە و شارەکانی دیکەی عێراق، شانازی دەکەین بەوەی وەزارەتی پەروەردە توانیویەتی ئەم هەنگاوە گەورانە بنێت. گۆڕانکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیین و بە ئاسانی دیار نین." لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، گۆڕانکاری لە ناونیشانی 500 جۆری کتێبدا کراوە، پرۆگرامەکان لە بەرگەوە بۆ بەرگ گۆڕاون و پێداچوونەوەی زمانەوانییان بۆ کراوە، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە جەختی کردەوە، گۆڕانکارییەکان بە گوێرەی پێداویستییەکانی سەردەم کراون، بۆ ئەوەی کوردستان هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهانی پێشکەوتوو. گوتیشی: "ڕەنگە پرۆگرامێک 30 ساڵ بەر لە ئێستا دانرابێت، نەگونجێت بۆ ئەم سەردەمە، بۆیە ئێمەش پرۆگرامەکانمان گۆڕیوە."
سیوەیلی ئاماژەی بە باشتربوونی ئاستی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا کرد بە بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق و ناوچەکە. تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، وەزارەتی پەروەردە 227 باڵەخانەی نوێی دروست کردووە، جگە لە 29 قوتابخانەی دیکە، لە 1ـی تشرینی یەکەمدا دەکرێنەوە، بە کۆی گشتیی ژمارەکە دەگاتە 260 قوتابخانە. هەروەها 1800 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و تەنیا لەمساڵدا 400 قوتابخانەی دیکە نۆژەنکراونەتەوە، کۆی گشتیی دەگاتە 2100 قوتابخانەی نۆژەنکراو.
سیوەیلی سوپاسی بەشی ئەندازەی پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتی بیناسازی لە وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ هەوڵ و تێکۆشانەکانیان لەم پرۆسەیەدا. ئەو باسی پرۆسەیەکی دیکەشی کرد بە ناوی "فراوانکردنی قوتابخانە"، بریتییە لە زیادکردنی ژووری نوێ بۆ ئەو قوتابخانانەی دیزاینی کۆنیان هەیە و ڕووبەری زۆریان هەیە بەڵام بیناکانیان بچووکە، بۆ ئەوەی بتوانن ژمارەیەکی زیاتری قوتابی لەخۆ بگرن.