لە زیقار، نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕوو لە زیادبوونە

زۆری ژمارەی تشبووان بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار، فەرمانگەی تەندروستییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە سەرباری کەمی کارمەند و کەرەستەی پزیشیکی.

هێشتا پارێزگای زیقار لە دۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەراوێکدا دەژی، بەهۆی زۆری ژمارەی توشبووان بە تای خوێنبەربوون، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 100 کەس لەم پارێزگایە توشی تای خوێنبەربوون هاتوون. لەو ژمارەیە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، زیادبوونی بەرچاوی توشبووان بەم نەخۆشییە مەترسی جددی لەسەر کەرتی تەندروستیی شارەکە دروستکردووە. هەروەها دامەزراوەکانی تەندروستیی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، سەرباری کەمی کەرەستە و کارمەندیان.

حەیدەر سەعدی، یاریدەدەری پارێزگاری زیقار بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، نەخۆشی تای خوێنبەربوون چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، چونکە لەم شارە 114 کەس توشبوون و 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، نوسراومان بۆ شارەوانی و سەرجەم دامەزراوەکان کردووە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە بکرێت، هەروەها چاودێریی چڕ بخرێتەسەر سەربڕخانەکان.

مەترسی تای خوێنبەربوون تەنیا لەسەر مرۆڤ نییە، بەڵکو لەسەر سامانی ئاژەڵیشە. ئەمەش گورزی کەمەرشکێن لە ئابووری عێراق دەدات، هاووڵاتیانی زیقار داوادەکەن، لایەنی حکوومی ڕێکاری بەپەلە بگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی، هەروەها بەچڕی چاودێریی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ئاژەڵان بکات لە ناوچە دووردەستەکان بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی تای خوێنبەربوون.

هاووڵاتییەک دەڵێت: ئێمە وەکو دانیشتووانی پارێزگای زیقار، دیاردەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لامان زۆرە، ئەم نەخۆشییە زیان بە مرۆڤ و ئاژەڵان دەگەیەنێت. داوامان لە ڤێتەنەری زیقار و فەرمانگەی کشتوکاڵ هەیە، پێکەوتە دژی ئەم نەخۆشییە دابەشبکەن.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: داوامان لە حکوومەت هەیە پێکوتە دابەشبکات، چونکە تای خوێنبەربوون بە چڕی بڵاوبووتەوە، زۆرترین زیانی ئەم نەخۆشییەش بۆ کەسانی هەژار و کەمدەرامەتە.

لەبەردەم ئەم ئاڵنگاریە تەندروستییە کە بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە، ئێستا ئەوەی گرنگە، لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری جددی بکەن، بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون، هەروەها هەوڵەکان لەپێناو خۆپارێزی چڕبکرێنەوە، بەجۆرێک سەلامەتی هاووڵاتیان و سامانی ئاژەڵی لە زیقار لە بەرچاو بگیرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment