دۆناڵد ترەمپ: من شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم چونکە چەند جەنگێکم وەستاندووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە چەند جەنگێک، ڕایگەیاند، شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆڵی هەبووە لە وەستاندنی ململانێکانی نێوان چەند وڵاتێک.

دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکیدا لە ویلایەتی ڤێرجینیا گوتی: ئێمە کارمان کرد بۆ وەستاندنی جەنگی نێوان هیندستان و پاکستان، ئەرمینیا و ئازەربایجان، کۆسۆڤۆ و سربیا، ئیسرائیل و ئێران.

ترەمپ گوتیشی: پێم وابوو کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ئاسانتر دەبێت بەهۆی پەیوەندی باشم لەگەڵ سەرۆک پوتن، بەڵام گومانەکەم وانەبوو، جەختیشی کردەوە، کێشەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە شێوەیەک یان ڕێگایەکی دیکە چارەسەر دەکەین.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونیکردەوە، شایەنی وەرگرتنی خەڵاتی "نۆبڵی ئاشتییە "وەک ڕێزلێنانێک بۆ کارەکانم لە کۆتاییهێنان بە کۆمەڵێک شەڕ لە سەرانسەری جیهان.

سەرۆکی ئەەمریکا باسی لەوەش کرد، ئێمە بە لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران خەونە ناوەکییەکانی ئێرانمان تێکشکاند و دەشڵێت: ئەو ڕووداوە شەرمهێنەرەی لە ئەفغانستان کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی پێشوودا ڕوویان دا، دووبارە نابێتەوە.

ناوبراو باسی لە پرسی بەنداوی گەورەی ڕێنێسانسی ئەسیوپیا کرد و گوتی "بەنداوێکیان لە ئەسیوپیا دروستکردووە کە کاریگەریی لەسەر ڕووباری نیل هەیە. پێموایە کێشەیەکی گەورەیە."

ترەمپ ڕوونیکردەوە کە "کاری داهاتووی شەڕی دژی تاوانە لە شیکاگۆ"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئارەزوومان لە تاوان نییە، بەڵام دیموکراتەکان حەزیان لێیە."

 
 
Fly Erbil Advertisment