مەسرور بارزانی: خەڵكی زاخۆ شایەنی باشترین پڕۆژە و خزمەتگوزاریین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژینگەی زاخۆ لە شوێنەکانی دیکە پاکترە و دووپاتی دەکاتەوە "خەڵکی زاخۆ شایەنی باشترین پڕۆژە و خزمەتگوزاریین."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بازرگانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردەوە و دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە خەڵکی زاخۆ و هەموو کوردستان پیرۆز دەکەم. زۆر دڵخۆش بەوەی زاخۆ پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "خەڵکی زاخۆ شایەنی باشترین پڕۆژە و خزمەتگوزارییە و هیوادارین ئەو پڕۆژە و بەرنامانەی کە بینیومن، ببنە هۆی ئەوەی زاخۆ هەنگاوی باشتر بنێت و بەرەوپێشچوونی گەورەتر بەخۆیەوە ببینێت. دەستخۆشییان لێ دەکەین بۆ کردنەوەی ئەم پێشانگایە و هیوادارین کوردستان هەمیشە بەرەو پێشکەوتنی زیاتر هەنگاو بنێت."
لەبارەی کوالێتیی ژینگەی شاری زاخۆ، سەرۆکی حکوومەت باسی لەوە کرد "سوپاس بۆ خوا، لە شوێنەکانی دیکە پاکترە. هیوادارین بەردەوام بن لە پاراستنی ژینگە."