مۆرینیۆ دەیەوێت گۆڵكارێكی مێژوویی ریال مەدرید بگوازێتەوە

مۆرینیۆ بۆ چامپیۆنزلیگ دەیەوێت پشت بە هێرشبەرێكی بە ئەزموون ببەستێت

خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیكای پۆرتوگالی
خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیكای پۆرتوگالی

خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نوێی یانەی بێنفیكای پۆرتوگالی بیر لە گواستنەوەی كەریم بێنزێمای هێرشبەری یانەی ئیتیحادی سعوودیە دەكات، بەڵام جگە لە یانەكەی مۆرینیۆ، چەندان یانەی دیكەش بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە  لەسەرهێڵن. 
ئەكرەم كۆنور، رۆژنامەنووسی ناوداری تورك، ئاشكرای كردووە خۆزێ مۆرینیۆ دەیەوێت جارێكی دیكە لەگەڵ كەریم بێنزێما لە هەمان تیپ كاربكەنەوە، بەوپێیەی پێشتریش ئەم دووانە لە ریال مەدرید بوونە، بێنزێما پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ ریال مەدرید بردووەتەوە لە كۆی 152 یاری، 90 گۆڵ و 30 ئاسیستی كردووە.
مۆرینیۆ دوای نزیكەی 25 ساڵ گەڕایەوە بۆ تیپەکەی پێشووی، دەیەوێت بۆ وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ سوود لە تواناكانی كەریم بێنزێما وەربگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەكرەم كۆنور، بێنفیكا بۆ گواستنەوەی بێنزێما پێویستی بەوە دەبێت كە ئەو یاریزانە رازی بێت بە كەمكردنەوەی بەشێكی زۆر لە مووچەكەی بۆ ئەوەی بەشێوەی خواستن لە ئیتیحادەوە بیگەڕێننەوە ئەورووپا، ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا ئەو یاریزانە وەرزێك لە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانە سعوودییەكە ماوە.رۆژنامەنووسە توركەكە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی: بێنفیکا تاکە یانە نییە کە ئارەزووی گواستنەوەی بێنزیما دەکات، چونکە لە خولەكانی فەرەنسی و ئەمریكاش چاودێری دۆخی ئەو یاریزانە دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە كەریم بێنزێما ئێستا بەهۆی پێكانەوە لە یانەكەی دابڕاوە لە گەڕانەوەی بۆ یاریگەكان نزیك بووەتەوە.
بێنزێمای 37 ساڵ، لە هاوینی 2026 گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعوودیە تەواو دەبێت، لەگەڵ یانە سعوودییەكە لە كۆی 64 یاری، 41 گۆڵ و 17 ئاسیستی كردووە، دوو نازناوی لەگەڵ ئەو یانەیە بردووەتەوە.

 

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment