تاڵیبان: بستێک لە خاکی وڵاتەکەمان ڕادەستی ئەمەریکا ناکەین

ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تاڵیبان، دەڵێت: ئەگەر ئەمەریکا بە فەرمی دان بە حکوومەتی تاڵیبانیشدا بنێت، ئێمە نەک بنکەی سەربازی باگرام، تەنانەت یەک بست خاکی ئەفغانستان ڕادەستی ئەمەریکا ناکەین!
ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تاڵیبان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئەفغانستان، گوتی: ئەگەر ئەمەریکا بە فەرمی دان بە حکوومەتی تاڵیباندا بنێت، هێشتا نەک بنکەی سەربازیی باگرام، بەڵکوو یەک بست لە خاکی ئەفغانستان نادەین بە ئەمەریکا. ئێمە، پێشتر، لە کاتی دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا بە ڕوونی ڕامانگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابین تەنانەت یەک ئەمەریکی بە جلی سەربازییەوە لە ئەفغانستان هەبێت. ئەمەش تەنیا هەڵوێستی حکوومەتی تاڵیبان نییە، بەڵکوو هەڵوێستی خەڵکی ئەفغانستانە.
موتەقی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەمەریکییەکان داوای ئەوەیان کرد ئامادەیی هەواڵگریی و ئەمنییان لە ئەفغانستان هەبێت، ئێمە ئەوەشمان ڕەت کردەوە گوتمان جگە لە ئامادەبوونی دیپلۆماسی وەک باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانە، ڕێگە بە هیچ جۆرە ئامادەییەکی دیکەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان نادەین.
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێمە پێش 22 ساڵ بەرەنگاری ئەمەریکا بووینەوە و ئامادە نەبووین واز لە بستێک خاکی نیشتمانەکەمان بهێنین و لەو ڕێگەیەشدا شەهیدمان دا و دەربەدەری و ماڵوێرانیمان چەشت. ئێستا چۆن بەوە ڕازی دەبین؟
دوێنێ، شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس' ڕایگەیاند "ئەگەر تاڵیبان بنکەی سەربازیی باگرام ڕادەستی ئەمەریکا نەکاتەوە، ڕووبەڕووی چارەنووسێکی خراپ دەبێتەوە."
بنکەی سەربازیی باگرام، بایەخێکی ستراتیجیی گەورەی هەیە، چونکە تەنیا یەک کاتژمێر لەو ناوچەیەی چین دوورە، کە پێگەیەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتەی لێیە.