فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران: ئیکوادۆر خۆی خزاندە بەرەی دوژمنانەوە

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بڕیاری حکوومەتی ئیکوادۆری بە دانانی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بە ناژیرانە، کورتبینانە، نالۆجیکی و نایاسایی، وەسف کرد.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە "هۆشداری دەدەینە حکوومەتی ئیکوادۆر ڕێز لە مافە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان بگرێت و بۆ خۆ شیرینکردن لای ئەمەریکا و ئیسرائیل، تێکەڵی بەرەی زۆرداران نەبێت."
لە دەقی ئەو فەرمانەدا هاتووە "چالاکییەکانی سوپای پاسداران، حەماس و حیزبوڵا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی گشتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئیکوادۆر."
گیدۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، پێزانینی خۆی بۆ ئەم بڕیارەی حکوومەتی ئیکوادۆر دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەم "هەنگاوە بوێرانە و پەیامێکی ڕوونە دژی تۆڕی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی و ئاسایشی جیهانی بەهێز دەکات."
بەیاننامەکەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دەڵێت "سوپای پاسداران لە خەبات و بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و بەرگریکردن لە مافەکانی فەڵەستینییەکان و یەکپارچەیی خاکی ئێران، بەردەوامە. لە کاتێکدا ئیسرائیل دەستدرێژیی دەکاتە سەر خەڵک و وڵاتانی دیکە و بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ناکات، ئێستا لە حکوومەتی ئیکوادۆر دەپرسین کێ تیرۆریستە؟
حکوومەتی ئیکوادۆر، ڕۆژی سێشەممە، 16ی سێپتەمبەری 2025، سوپای پاسداران، حەماس و حیزبوڵای لوبنانی وەک گرووپی تیرۆریستی ناساند.
ئەم بڕیارە، پاش ئەوەی بە فەرمانی جێبەجێکاری ژمارە 128 لەلایەن دانیال نۆبۆوا، سەرۆک کۆماری ئیکوادۆرەوە ئیمزا کرا.
پێشتر، زەهرا ئیرشادی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئەمەریکا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕیاری ئیکوادۆری سەبارەت تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بە "هەڵە" ناوبرد و گوتی: ئەم هەنگاوە، نەک هەر زیانێکی جددی بە پەیوەندییە دوولایەنەکان دەگەیەنێت، بەڵکو پێشینەیەکی مەترسیداریش لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکاندا دروست دەکات.