لە شنگال گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان دۆزرایەوە

چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێزدی تەحسین شێخ کالۆ، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 20252، دۆزینەوەی گۆڕێکی نوێی بەکۆمەڵی لە قەزای شنگال ڕاگەیاند، بەمەش کۆی گشتی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی لەدوای دەرکردنی داعش لەقەزاکە دۆزراونەتەوە، گەیشتووەتە 93 گۆڕی بەکۆمەڵ.

تەحسین شێخ کالۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "تیمە تایبەتمەندەکان گۆڕەکەیان لە ناوچەی جەزیرە لە باشووری شنگال دۆزیوەتەوە، کە پاشماوەی یەکێک لە قوربانییەکان دەرهێنراوە و ناسنامەکەی ناسراوەتەوە، کارەکانی هەڵکەندن بەردەوامە لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت قوربانیی زیاتر بدۆزرێتەوە کە لە ساڵی 2014ەوە لەلایەن داعشەوە کوژراون."

تەحسین شێخ کالۆ ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆربەی قوربانیانی ئەو گۆڕانە ئافرەت و منداڵ بوون و بەکۆمەڵ لەسێدارە دراون" دەشڵێت: "ئەوەی تا ئێستا دۆزراوەتەوە تەنیا بەشێکی کەم لە قەبارەی کارەساتەکە نیشان دەدات، بەو پێیەی هەزاران ئێزدی تا ئێستا بێسەروشوێنن".

جەختیشی کردەوە "بەردەوام بوون لە هەڵکەندن و پشکنینی ورد ڕەنگە گۆڕی زیاتر دەربکەوێت، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ڕادەی ئەو تاوانانەی کە داعش بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری ئەنجامیداوە".

لە دوای ئازادکردنی شنگال لە ساڵی 2015ەوە، تیمە پسپۆڕە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کار بۆ هەڵکەندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن کە داعش ئەنجامیداوە، لەگەڵ هەر هەڵکەندنێکدا ڕادەی ئەو کارەساتە مرۆییە ئاشکرا دەکەن کە بەسەر ئێزیدییەکان کەوتووە.

 

 
Fly Erbil Advertisment