دانیشتوانی گوندی دوستەپە خۆشحاڵن بە دروستکردنی قوتابخانە نوێیەکەیان

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە،بۆ ئەم ساڵی خوێندن ژمارەیەک قوتابخانەی نوێ دروستکراون و ئامادەن بۆ پێشوازی قوتابیان کە بەشێکیان لە گوندەکانن، لە گوندی دوستەپەی سەر بە شارەدێی شەمامک قوتابخانەیەکی نوێ دروستکراوە.

منداڵانی گوند هەرچەندە ژیانیان سادەیە، بەڵام لە ڕووخساریاندا خۆشحاڵی ڕاستەقینە دەردەکەوێت، خۆشیی سادەیی ئەوان سەرچاوەی هیوایە، بە خوێندن و فێربوون دەکرێت ئەو هیوایەیان بەهێزتر بکرێت، قوتابخانە نوێیەکەی گوندی دوستەپەی سەر بەشارەدێی شەمامک داهاتووی منداڵانی گوند بەهێز و ڕووناک دەکات.

محەممەد فوئاد، دانیشتووی گوندی دوستەپە بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێش ئەوەی قوتابخانەکە لێرە دروست بکرێت، بۆ ئێمە زۆر ئەستەم بوو، چونکە دەبوایە قوتابیەکانمان لە مامزاوە بخوێنن، بەڵام ئێستا کە ئەو قوتابخانە دروست کراوە، سوپاس بۆ خوا قوتابیەکان دەتوانن ئەمساڵ تێیدا بخوێنن.

ئەحمەد یوسف هاووڵەتیەکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت: جێگەی دڵخۆشییە ئەو قوتابخانەیە دروستکراوە، نزیکە لەماڵەکانمان، گوتیشی: ئەگەر ئەو قوتابخانەیە نەبوایە نەم دەتوانی منداڵەکانم بنێرمە قوتابخانە.

لەم قوتابخانەیە 350 قوتابی لە قۆناغی بنەرەتی بۆ ساڵی نوێی خوێندن ناویان تۆمارکراوە جگە لە قۆناغی ئامادەییش،  مامۆستا شاخەوان بەڕێوبەری قوتابخانەکەیە و جێگای دەستی لە دروستکردنی قوتابخانەکە دیارە، بە گرنگیەوە باسی پێویستی ئەو قوتابخانەیە دەکات لە گوندەکە.

مامۆستا شاخەوان، بەرێوبەری قوتابخانەکە دەڵێت: ئەو قوتابخانەیەی لێرە دروستکرا، پێوسیتییەکی زۆر گرنگ بوو بۆ خەڵکی ئەو گوندە و دەورووبەری، گوتیشی: قوتابخانەی گوندەکانی دیکە بچووکە چونکە پێشتر دروستکرایە، بەڵام ئەو قوتابخانەیە دوو نهۆمییە و نۆ پۆلە، بۆیە ئێستا قوتابیانی دەورووبەر ئارەزووی خوێندن لێرە دەکەن، مامۆستاشمان هەیە کتێبیشمان بۆ دابینکراوە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە لەساڵی 2025دا، 28 قوتابخانەی نوێ تەواو بوون و بۆ خوێندنی ئەم ساڵ ئامادەن هەروەها 30 قوتابخانەی دیکەش کاریان تێدا دەکرێت، قوتابخانەکانی گوندیش بەهەمان شێواز و خزمەتگوزاری قوتابخانەی سەنتەری شارەکان دروستکراون.

 

 
Fly Erbil Advertisment