کاردانەوەکانی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین

داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین بووەتە بابەتی هەرە گرنگی ڕۆژ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی، زۆرێک لە وڵاتان پێیان وایە کاتی ئەوە هاتووە دان بە هەردوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل بنرێت و کۆتایی بە جەنگ بێت، هەردوو وڵات ببینە دراوسێی باش بۆ یەکتر.
ئەمڕۆ هەریەک لە کەنەدا و فەرەنسا و بەریتانیا، بەر لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە سبەی بۆ پرۆژەی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین بە سەرۆکایەتی فەرەنسا و سعوودیە بەڕێوەبچێت، پێشوەختیش، هەریەک لە کەنەدا و بەریتانیا و فەرەنسا بەشێوەیەکی فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا.
لەبەرانبەر هەڵوێستی ئەو سێ وڵاتە. ئیتمار بن گفیر،وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل گوتی: پێویستە دەسەڵاتی فەڵەستینی بە تەواوی لەناوببرێت.
لە بەیاننامەیەکەدا، بن گفیر،وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ڕایگەیاند: پێویستە وەک وەڵامێک بۆ داننانی بەریتانیا و فەرەنسا و کەنەدا بە دەوڵەتی فەڵەستین، هەنگاوێکی زۆر بەپەلە دژی ئەوە بگیرێتە بەر لەپێناو سەپاندنی شکۆی ئیسرائیل لەسەر یەهودا و سامرە(ئەو ناوانە لە تەورات بۆ کەناراوەکانی ڕۆژئاوا) ئاماژەی بۆ کراوە، بن گفیر داوای هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی کرد و گوتی: پێداگری دەکەم لەسەر ئەوەی، پرسی سەپاندنی شکۆ لە کۆبوونەوەی داهاتووی حکوومەت گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
لە بەرانبەر بڕیاری ئەو وڵاتانە بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، مەحموود عەباس پێشوازیی لە بڕیاری بەریتانیا و فەرەنسا و کەنەدا و گوتی: داننانی بەریتانیا بە دەوڵەتی فەڵەستین و مافی ئازادییەکانی، دەرفەتێک دێنێتە پێش بۆ دروستکردنی دوو دەوڵەت، یاخود هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین لە تەنیشت یەکەوە، کە بە ئاشتی و برایەتی وەک دراوسێ بژین.
هاوکات، دەیڤد لامی، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند: داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن بەریتانیاوە، کاریگەریی خۆی دەبێت و دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ئاشتی لە کۆتاییدا.
لەسەر تەواوی باڵەخانەکانی شارەوانی فەرەنسا، ئاڵای فەڵەستین هەڵکرا، وەک واتایەک بۆ پشتیوانی لە بڕیاری حکوومەتی ئەو وڵاتە بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لە کۆبوونەوەی سبەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڕۆژێک بەر لەبەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی سعوودیە و فەرەنسا، چاوەڕێ دەکرێت چەند وڵاتێک، لەسەرووی هەموویانەوە فەرەنسا، دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێن، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، مارک کارنی ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بەفەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.
کارنی لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند: حکوومەتی ئێستای ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، ڕێگریی لە دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات.
ئەمڕۆ ئوستراڵیا بەشێوەیەکی فەرمی، دانی بە دەوڵەتی فەڵەستین نا، هاوکات حکوومەتی بەریتانیا لەسەر زاری کیێەر ستارمەر، سەرۆک وەزیران، دانی بە دەوڵەتی فەڵەستن نا و لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا گوتی: دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێین بۆ زیندووکردنەوەی ئومێدی ئاشتی، ستارمەر داوای وەستاندنی هێرشە سەربازییە چڕەکانی ئیسرائیلیشی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد .