سێ هێزی عێراقی کێشە بۆ بارهەڵگرەکان لە بازگەکانی کەرکووک دروست دەکەن

کێشەی بارهەڵگرەکان لە بازگەکانی کەرکووک چارەسەر نەکراوە

کێشە و گرفتەکانی بازگەکانی کەرکووک بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر بەردەوامە و پێناسەی نوێی گومرگی و کەمیی ئامێری پشکنینی سۆنار وای کردووە کە شۆفێران بۆ چەندین کاتژمێر لە نۆرەی چاوەڕوانیدا بمێننەوە.

کێشەی سەرەکیی شۆفێران بریتییە لە دووبارەبوونەوەی پێدانی باجی گومرگی. شۆفێرێک بە کوردستان24ی گوت: کاتێک لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە دێنە ژوورەوە هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام کاتێک لە هەرێمی کوردستانەوە دێن، لە بازگەکانی کەرکووک ناچار دەکرێن جارێکی دیکە گومرگ بدەن. شۆفێرێکی دیکە دەڵێت: "لە بازگەکان بێزارمان دەکەن بۆ ئەوەی پارە بدەین."

هاوکات تەنیا یەک ئامێری سۆنار لە بازگەی چیمەن و یەکێکی دیکەش لە بازگەی دارەمان لەسەر ڕێگەی هەولێر هەیە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر.

پێشتر نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەرکووکی کرد بەڵێنیان دا کە چارەسەری ئەم گرفتانە بکەن. ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 میکانیزمێکی نوێ دیاری کراوە و ڕێککەوتن لەسەری کە دەبێتە هۆی ئەوەی کێشە و گرفتی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە تەواوەتی کەم ببێتەوە یان نەمێنێت."

لەنێو بازگەکاندا سێ جۆر هێزی ئەمنی جێگیرکراون کە هەر یەکەیان بەپێی ڕێنمایی وەزارەتەکەی خۆی کار دەکات، ئەمەش کێشەکانی ئاڵۆزتر کردووە. ئەم گرفتانە بە شێوەیەکی بەرچاو لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە سەریان هەڵداوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

 
 
Fly Erbil Advertisment