لە ڕۆژێکدا 13 بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا

حکوومەتی بەریتانیا: هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بەردەوامە

بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی (ئەرشیف)
بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی (ئەرشیف)

لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە هەزار و 70 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە؛ تەنیا لە ڕۆژی هەینی، 19ـی ئەیلوول، هەزار و 72 کۆچبەری نایاسایی لە ڕێگەی 13 بەلەمی بچووکەوە خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەو کۆچبەرانە لە ڕێگەی 13 بەلەمەوە هاتوون، هەر بەلەمێک نزیکەی 80 کۆچبەری نایاسایی لەسەر بووە.

گەیشتنی ئەم ژمارە کۆچبەرە لە یەک ڕۆژدا بەشێکە لە ڕەوتێکی بەردەوامی پەڕینەوە کە بووەتە کێشەیەکی سیاسیی گەورە لە بەریتانیا. 

بەپێی دوایین داتاکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە (2025) تا ئێستا، زیاتر لە 32 هەزار کۆچبەری نایاسایی بەم ڕێگایە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵانی ڕابردوودا و حکوومەتی ئێستای پارتی کرێکارانی خستووەتە ژێر فشارەوە، کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی دابوو.

بۆ ڕێگریکردن لەم شەپۆلی کۆچە، بەریتانیا و فەرەنسا چەندین ڕێکاریان گرتووەتەبەر، لەوانە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێریکردنی وردتری کەناڵی ئینگلیز.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان لەندەن و پاریس کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، کە لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا لە نێوان کیێر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا واژۆ کراوە، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەگەنە بەریتانیا بۆ فەرەنسا دەستیپێکردووە.

یەکەم کاروانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لەم هەفتەیەدا دەستیپێکردووە، و یەکەم کۆچبەریش ڕۆژی پێنجشەممە، 18ی ئەیلوول، بۆ فەرەنسا گەڕێندرایەوە. ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای "یەک بەرامبەر بە یەک" داڕێژراوە؛ واتە لە بەرامبەر ناردنەوەی هەر کۆچبەرێکی نایاسایی بۆ فەرەنسا، بەریتانیا پابەند دەبێت بە وەرگرتنی کۆچبەرێکی یاسایی لە فەرەنسا کە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە داواکاری پێشکەش کردووە.

جێی باسە، حکوومەتی بەریتانیا هەروەها ڕێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ عێراق واژۆ کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە عێراقیانەی کە مافی مانەوەیان پێنادرێت. ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ستراتیژیەتێکی فراوانتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ و کەمکردنەوەی پەڕینەوە مەترسیدارەکان لە کەناڵی ئینگلیزدا.

 
Fly Erbil Advertisment