فەرەنسا بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەڵەستین نا

سەرۆکی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەڵەستین نا و گوتی: ئەمە تاکە ڕیگە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بو ئەو دوو وڵاتە و ناوچەکە.هاوکات هەر یەکە لە وەزیری دەرەوەی سعوودیە و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشیگیری خۆیان بۆ ئەو بڕیارە دەربڕی. 

دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارەکەی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی حەماس و تاکە ڕێگە چارەسەر بۆ ئاشتی لە ئیسرائیل، ئاماژەشی دا، ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین، کۆتایی بە ناکۆکییەکان و توندوتیژییە بەردەوامەکان دەهێنێت.

دەشڵێت: 142 دەوڵەت دەستیان بۆ ئاشتی درێژ کردووە، ئێستا کاتی ئاشتی، کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئازادکردنی هەموو بارمتەکانە، بۆ ئەوەی ژیانی بەرمتەکان و هاووڵاتییانی غەززە پارێزراوبێت، دەبێت جەنگی غەززە کۆتایی بهێت و دادپەروەری بەرانبەر خەڵکی فەڵەستین بکرێت. جەختیشی کردەوە، فەرەنسا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و سەقامگیر لە غەززە ئامادەیە، هاوکات دەبێت فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلەکان بە جیا بژین و دەوڵەتی فەڵەستین لە چەک دابماڵرێت.

باسیشی لەوە کرد، هیچ بیانوویەک بۆ بەردەوامبوونی شەڕ لە غەززە نییە، ئەوەشی خستەڕوو ڕێککەوتنی ئاشتی بەهۆی ئیسرائیلەوە هەڕەشەی لەسەرە، بەڵام هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیر وەک قەتەر، میسر و ئەمەریکا بەرز دەنەرخینێت، دووپاتیشی کردەوە، هەر کاتێک هەموو بارمتەکان ئازادکران و ئاگربەست ڕاگەیەندرا، ئەوا باڵیۆزخانەکەمان لە غەززە دەکەینەوە.

ماکرۆن گوتیشی: پشتگیری هەڵوەشاندنەوەی حەماس دەکەم، پابەندبوونمان بە ئیسرائیل نەگۆڕاوە، هێرشەکەی 7ی تشرینی 2023 یەکەم لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانە دەکەین. باسی لەوەش کرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لە شکستهێنان لە بنیاتنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی فەرەنسا دەشڵێت: پێشبینی دەکەم، وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی هاوبەشەکانمان دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێ بکەنەوە.

هەر لەو بارەوە، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە لە گوتارەکەیدا گوتی: داوا لە وڵاتانی دیکەش دەکەین، هەمان هەنگاوی مێژووی بنێن، کە هەوڵێکی جددییە بۆ جێبەجێ کردنی ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، کە تاکە ڕێگەیە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە و دادپەروەری بۆ فەڵەستین. دەشڵێت: ئیسرائیل بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش، سەقامگیر و هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە.

ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو بارەوە لە گوتارەکەیدا گوتی: ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، خەڵاتکردن نییە، بەڵکوو مافێکی فەڵەستینییەکانە، بەمەش لە "کابووسی" ناوچەکە ڕزگارمان دەبێت. دەشڵێت: بەر لەوەی درەنگ بێت، پێویستە پابەندیمان بە چارەسەری هەبوونی دوو دەوڵەت دووپات بکەینەوە، ئەگەر وا نەبیت ئەوا توندوتیژی لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت. جەختیشی کردەوە دەبێت توندوتیژییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا کۆتاییان پێبهێت.

هەروەها ئاماژەشی دا، هێرشەکانی 7 تشرینی یەکەمی 2023، بە بارمتەکردنی هاووڵاتییان و کوشتنی هاووڵاتییانی بێتاوان هیچ بیانوویەکیان بۆ نییە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment