وەزارەتی پێشمەرگە: بەم نزیکانە دەگەینە قۆناغی کۆتایی پرۆسەی چاکسازی یەکەی 70 و 80

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: نزیکبووینەتەوە لە دوا قۆناغەکانی چاکسازی لە یەکەی 70 و 80 و دامەزراندنی یەک یەکەی ژمێریاری سەربازی یەکگرتوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا بەئامادەبوونی شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ، نوێنەری هاوپەیمانان دواین هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی یەکەی 70 و 80، جێبەجێکردنی خاڵەکان و ئاستەنگەکانی پرۆسەکە و ڕێنماییە ژمێرکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکە دا بڕیار درا، بە جێ بەجێکردنی خاڵێکی گرنگی پرۆسەی چاکسازی لە دروستکردن و تەواوکردنی یەک یەکەی ژمێریاری سەربازی یەکگرتوو بۆ سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەم بڕیارە نزیک دەبینەوە لە دوا قۆناغەکانی چاکسازی.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، تیشکخرایە سەر تەواو کاری کارەکانی دامەزراندن و تواناکانی دەڤەری یەک و دوو، هەروەها دابینکردنی پێداویستییەکان و خێراترکردنی هەنگاوەکان بۆ دامەزراندنیان و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەنگاوێکی مێژووی بوو، بۆ سەرەتایی دروستبوونی هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی.
پێشووتریش، عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مەسرور بارزانی پێداگری کرد بە خێرایی یەکەی 70 و 80 بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا سێ ژمارەی بانکی بەناوی هێزەکانی پێشمەرگە هەیە، وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەکاری دەکات بۆ دروستکردنی فەرماندەیی 1 و2 دروستبکرێن، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردبوو، نەمانی یەکەی 70 و 80، ئەرک و کارەکانییان دەگۆڕدرێت و لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی سەربازی هەردووکیان و دوو فەرماندەیی حزبی نامێنن و دەچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها کارمان لەسەر یەکخستنەوەی پەیکەربەندیی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە.