بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تاوانەکان و تاوانباران لەلایەن میدیاکانەوە قەدەغە کرا

سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چیتر ڕێگە بە میدیاکان و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا نادرێت وێنە و ڤیدیۆی تاوانباران و ڕووداوەکانی تاوان بڵاوبکەنەوە. بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی ڕووماڵی ناپیشەییانە و نابەرپرسانەی هەندێک لە میدیاکانەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی هاووڵاتییان دروست بووە.

بەپێی ئەو گشتاندنەی کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت کراوە، لەمەودوا بڵاوکردنەوەی دیمەن، ڤیدیۆ، شوێن و کاتی ڕووداوەکانی تاوان و ناسنامەی تۆمەتباران قەدەغەیە. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای داواکاری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان دەرچووە.

لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێکخستنی ئەم بوارە دەردەبڕێت. کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقەکە، بە کوردستان24 گوت: "ڕووماڵکردن ڕێگەی لێناگیرێت، بەڵام جوانکردنی تاوان، گەورەکردنی یان دروستکردنی سیناریۆ بۆی ڕێگەپێدراو نییە." ناوبراو ڕەخنەی لە شێوازی کارکردنی هەندێک پەیج و میدیا گرت کە شیکردنەوەی نادروست بۆ ڕووداوەکان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، پارێزەران و یاساناسان پێیانوایە بڕیارەکە لە ڕووی یاساییەوە دروستە. پارێزەر گوڵان بەختیار عەلی، جەختی لەوە کردەوە کە "بڕیارەکە زۆر یاسایی و دەستوورییە، چونکە مافی تۆمەتبار پارێزراوە تا ئەو ڕۆژەی لە دادگا ئیدانە دەکرێت."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرجار ڕووماڵی خراپی ڕووداوەکان، بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەک کەرەستەیەک بۆ بانگەشە و بەرزکردنەوەی چالاکی پەیجەکان بەکارهاتووە و کاردانەوەی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە و ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا هەبووە. ئەم بڕیارە نوێیە هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە و پاراستنی شکۆی کەسەکان و نهێنی لێکۆڵینەوەکان.

 
 
Fly Erbil Advertisment