بەریتانیا بە فەرمی ناوی 'خاکی داگیرکراوی فەڵەستین'ـی گۆڕی

بەریتانیا بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا و ناوی "خاکی داگیرکراوی فەڵەستین"ـی گۆڕی.
بۆ یەکەمجار، حکوومەتی بەریتانیا، دەوڵەتی فەڵەستینی لە نەخشە فەرمییەکانیدا لە سەرانسەری پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکانی گۆڕیوە و ناوی "خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین"ی گۆڕیوە بۆ "فەڵەستین". ئەم هەنگاوە دوای ڕاگەیاندنی فەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین دێت لەلایەن کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کە هاوکات بوو لەگەڵ دانپێدانانی هاوشێوەی کەنەدا و ئوسترالیا.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ئەم دانپێدانانەدا، چەندان لاپەڕەی وەزارەتی دەرەوە ناوی "خاکی داگیرکراوی فەڵەستین"یان گۆڕیوە بۆ تەنیا "فەڵەستین". گۆڕانکارییەکان ئەو پەیجانەش دەگرێتەوە کە ئامۆژگاری گەشتکردن بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین پێشکەش دەکەن، هەروەها لیستی نووسینگەکانی وەزارەتی دەرەوە لە دەرەوەی وڵات و نەخشەی ناوچەکە.
دوێنێ یەکشەممە، کییەر ستارمەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە بەرامبەر پەرەسەندنی ترسناکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاردەکەین بۆ پاراستنی ئەگەری ئاشتی و چارەسەری دوو دەوڵەتی." هەروەها جەختی کردەوە، "حەماس ناتوانێ لە هیچ دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا هیچ داهاتوویەکی هەبێت و نە ڕۆڵی لە حکوومەتدا و نە هیچ ڕۆڵێکیش لە ئاسایشدا هەبێت."
بەریتانیا بووە سێیەم وڵاتی گرووپی حەوت، دانی بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا بنێت، دوای کەنەدا و ئوسترالیا. ئەمەش ڕۆژێک پێش کۆنفرانسێک دێت کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە بچێت، بە سەرۆکایەتی سعوودیە و فەرەنسا، کە چاوەڕوان دەکرێت چەند وڵاتێکی دیکە، بە سەرۆکایەتی فەرەنسا، دانپێدانانی خۆیان بە دەوڵەتی فەڵەستین ڕابگەیەنن.
