جەمیل حوسێن: لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، ساڵانە 112 هەزار شەتڵی دار و گوڵ بەرهەمدێت

بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان ڕایگەیاند، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، ساڵانە 112 هەزار شەتڵی دار و گوڵ بەرهەم دەهێنین، بۆ ناو پارکەکە و سەوزکردنی شاری هەولێر.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، جەمیل حوسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ساڵانە ئێمە چەندان شەتڵی دار و گوڵ بەرهەم دەهێنین بۆ ناو پارکی سامی عەبدولرەحمان و سەوزکردنی شاری هەولێر. هەروەها دوو نەمامگەشمان هەیە. یەکێکیان بۆ بەرهەمهێنانی شەتڵی دار و ئەوی دیکەش بۆ گوڵ بە هەموو جۆرەکانییەوە و ساڵ لە دوای ساڵیش بە گوێرەی پێداویستی گۆڕانی بەسەردا دێت. بە نموونە، ئەمساڵ 112 هەزار شەتڵ گوڵ و دارمان بەرهەم هێناوە.
دەشڵێت: ئەو شەتڵانەی لێرە بەرهەم دێت، پێویستە بە گوێرەی وەرز بچێنرێن. ساڵانە ئەوەی پێویستە لەناو پارکەکەدا دەیچێنین. بەشێکیشی دەدرێتە ئەو قوتابخانانەی کە پێویستییان پێیەتی یان بە شێوەیەکی فەرمی دەدرێتە مەراسیمە ژینگەییەکان تاکوو بۆ سەوزکردن و جوانترکردنی شاری هەولێر بەکاری بهێنن. هەروەها، بەشێکیشی دەدرێتە فەرمانگە حکوومییەکان یان ئەندازەی پارکەکان بۆ سەوزایی نێو شەقامەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە وەک خۆمان دوو جۆر گوڵ دەڕوێنین: زۆرترینیان گوڵەباخە بە هەموو جۆر و ڕەنگەکانییەوە، لەگەڵ گوڵی وەرزی. دارەکانیش نزیکەی 20 جۆر دارمان هەیە، کە زۆرترینیان داری تەسبیحە لەگەڵ سنەوبەر، چونکە کەمترین ئاویان دەوێت و بەرگەی گەرماش دەگرن.
جەمیل حوسێن ڕاشیگەیاند، ئێمە لە وەرزی پایز و بەهاردا قەڵەم دەکەین. ئەوەی لە پایزدا قەڵەم دەکرێت، زۆرترینیان گوڵەباخ و گوڵی ئەشرەفە. دارەکانیش زیاتر بە تۆو زیاد دەکرێن."