سەوزکردنی هەولێر بەردەوامە

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شارەوانی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سەوزکردن و جوانترکردنی شاری هەولێر. ئاماژەی بەوەشدا، پلانی شارەوانی تەنیا شەقامی 120 مەتری ناگرێتەوە، بەڵکو چەندان شوێنی دیکەش لەخۆدەگرێت، ئەمەش بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و لەبار بۆ هاووڵاتییان.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕوونی کردەوە و گوتی: ئەم پڕۆژانە ڕاستەوخۆ لەلایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیران و وەزیری شارەوانییەوە پێیان ڕاسپێردراوە و چاودێری دەکرێن.
کارزان هادی کۆمەڵێک پڕۆژەی سەوزکردنی وەکو نموونە خستەڕوو، کە ساڵی ڕابردوو ڕێگای هەولێر-پیرمام و شەقامی 150 مەتری بە تەواوی سەوزکران و کارەکانیان کۆتایی هات. هەروەها ماوەیەک لەمەوبەر بەشێک لە شەقامی 120 مەتری سەوزکرابوو.
دەشڵێت: ئێستا کار لەسەر دروستکردنی پارک دەکرێت لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە لە دوو گەڕەکی شاری هەولێر.
هاوکات، کار لەسەر سەوزکردنی بەشێکی دیکەی شەقامی 120 مەتری و پارکی ڕەشکن دەکرێت. پارکی ڕەشکن دوای تەواوبوونی دەبێتە یەکێک لە پارکە جوانەکانی شار کە چەندان بەشی جیاوازی تێدایە، وەک شوێنی ڕاکردن، یاری منداڵان و چەند شوێنێکی دیکە.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر جەختی کردەوە بە گوێرەی توانای دارایی، قۆناغ بە قۆناغ کار لەسەر پڕۆسەی سەوزکردنەکە دەکەن تاوەکو بە تەواوی تەواو دەبێت. گوتیشی: پڕۆسەی سەوزکردنەکە لە دوو ڕووەوە دەکرێت؛ یەکەمیان لە ڕووی ژینگەییەوە و دووەمیشیان بۆ جوانکردنی شار. هەر بۆیە جۆری دارەکان بە شێوەیەک هەڵدەبژێردرێن کە لەگەڵ جوانیی شار بگونجێن، بەرگەی سەرما بگرن و پێویستییان بە کەمترین ئاو بێت. بەشەکەی دیکەش لە گوڵی چوار وەرزی پێکدێت.