لە 24 کاتژمێردا ڕێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕادەگەیەنرێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت ڕێککەوتن و بڕیارە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بە فەرمی ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەندرێت و لەم نزیکانەشدا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە ڕێککەوتنی سێقۆڵی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی ڕەزامەندیان لەسەر ڕێککەوتنەکە داوە و ئێستا جگە لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، هیچ کێشە و گرفتێکی یاسایی و تەکنیکی لە نێوان هەردوو وەزارەتەکە و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت نەماوە

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، دوای ڕاگەیەندنی ڕێککەوتنەکە، بەمنزیکانە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە شاندێکی تەکنیکی نەوتی باکوور، کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئێستا لە هەولێرە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە دواداچوونی بۆ سەردانی ئەمڕۆ شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر کردووە، شاندەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور نوێنەرایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات و دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ" دەکرێت، لە ڕێگەی کۆمپانیای "نەوتی باکوور"ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەر بۆیە شاندە تەکنیکییەکەی کۆمپانیاکە لە هەولێرن بۆ تەواوکردنی کۆتا ڕێکارەکان.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت واژۆ بکرێت، بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات و 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وەستا، دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی لە پاریس کە ڕایگەیاند تورکیا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە. 

دادگاکە بڕیاری دا تورکیا وەک قەرەبوو 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغدا. هەرچەندە تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ڕاگەیاندووە.

عێراق لە ئێستادا دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک و ڕۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment