وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن

وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، لەسەر میکانیزم هەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵەوە ڕابگەیەنرێت و دواتر وردەکارییەکەی بڵاوبکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی تەکنیکی کۆمپانیای "نەوتی باکوور" سەردانی شاری هەولێری کرد، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاندووە.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ" دەکرێت، لە ڕێگەی کۆمپانیای "نەوتی باکوور"ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەر بۆیە شاندە تەکنیکییەکەی کۆمپانیاکە لە هەولێرن بۆ تەواوکردنی کۆتا ڕێکارەکان.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت واژۆ بکرێت، بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات و 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وەستا، دوای بڕیارێکی دادگەی ناوبژیوانی لە پاریس کە ڕایگەیاند تورکیا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە.
دادگاکە بڕیاری دا تورکیا وەک قەرەبوو 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغدا. هەرچەندە تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ڕاگەیاندووە.