شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف بۆ ئامادەکارییەکانی حەج سەردانی سعوودییە دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی ئەیلوولی 2025، شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە حاجییانی ساڵی 2026، سەردانی شانشینی عەرەبستانی سعوودییە دەکات.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: کە ئەم سەردانە لەسەر ڕاسپاردەی حکوومەت و وەزارەتی ئەوقاف ئەنجام دەدرێت؛ شاندەکە بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، بەدواداچوون بۆ شوێنی مانەوەی حاجییان و پشکنینی خۆراک دەکەن.
ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد، گەشتەکە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت و ئامانج لێی لێکۆڵینەوەیە لە وردەکارییەکانی ئامادەکارییەکانی وەرزی حەجی داهاتوو.
سیستەمی ناونووسینی ئەلیکترۆنی
لە وەرزی ئەمساڵدا، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی بۆ ناونووسینی حەج و عومرەکارانی کوردستان خستووەتەگەڕ.
کاروان ستوونی ڕایگەیاند کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی هەندێک لە هاووڵاتییان، ماوەی ناونووسین لەسەر فەرمانی وەزیری ئەوقاف تا 26ی مانگ کاتژمێر 12ی شەو درێژکراوەتەوە. دوای ئەو بەروارە، ناوەکان پشکنیان بۆ دەکرێت و ئامادە دەکرێن بۆ تیروپشک.
خزمەتکردنی حاجییان و دەستکەوتەکان
گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرە جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و وەزارەتی ئەوقاف هەمیشە داوای باشترین خزمەتگوزاری بۆ حاجییان دەکەن.
شایەنی باسە ماوەی سێ ساڵە شاندی عێراق، کە هەرێمی کوردستانیش پشکی شێری تێدا هەیە، خەڵاتی "لەبەیتوم" وەک باشترین شاند لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی بەدەست دەهێنێت. دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقیش بە نووسراوی فەرمی سوپاسی شاندی هەرێمی کوردستانی کردووە.
هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ژمارەی حاجییان
حکوومەتی عێراق ماوەی چەند ساڵێکە داوای زیادکردنی پشکی حاجییانی کردووە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە بڕیارێکی لەوبارەیەوە نەداوە.
سعوودییە ساڵانە بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی وڵاتان و بەپێی بنەمای بۆ هەر ملیۆنێک کەس هەزار کەس، ژمارەی حاجییان دیاری دەکات. پشکی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا 5135 کەسە، بەوپێیەی ژمارەی دانیشتووان بە پێنج ملیۆن کەس خەمڵێنراوە.
گەشەسەندنی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە
ئاسانکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا بووەتە هۆی دامەزراندنی نزیکەی 300 کۆمپانیای نوێی حەج و عومرە. لە ئێستادا 242 کۆمپانیا گرێبەستیان بۆ وەرزی عومرەی ئەمساڵ واژۆ کردووە و بە شێوەیەکی فەرمی گەشتیاران دەگوازنەوە.
کاروان ستوونی داوای لە هاووڵاتییان کرد کە بۆ دووربوون لە کێشە و گرفت، گەشتەکانیان لە ڕێگەی کۆمپانیا فەرمییەکانەوە ئەنجام بدەن.