ڕووسیا و ئێران ڕێککەوتننامەیەک بۆ دروستکردنی 8 وێستگەی ئەتۆمی واژۆ دەکەن

جێگری سەرۆکی ئێران و سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، محەمەد ئیسلامی، گەیشتە مۆسکۆ بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی دروستکردنی 8 وێستگەی وزەی ئەتۆمی لە ئێران. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاراندا بەهۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە.
ڕۆژی هەینی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە 15 ئەندام پێکدێت، پڕۆژە بڕیارێکی بۆ هەڵگرتنی(هەمیشەیی) سزاکان لەسەر تاران ڕەتکردەوە، هەنگاوێک بوو ڕووسیا و چین پشتگیرییان دەکرد، هەردوو وڵات دژایەتی هەوڵەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەکەن بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا.
وڵاتانی ئەورووپا تاران بە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان تۆمەتبار دەکەن، ئامانج لە ڕێککەوتنەکە ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی تاران بوو، لە کاتێکدا ئێران نکۆڵی لە نیازی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی کرد، و ڕووسیاش پشتگیری لە مافی تاران بۆ وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانە کرد.
ئیسلامی بە میدیا فەرمییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ڕووسیا، ڕێککەوتننامەی هاوکاریی دوولایەنە واژۆ دەکرێت کە پلانی دروستکردنی 8 وێستگەی وزەی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تارانە بۆ گەیشتن بە 20 گیگاوات لە وزەی ئەتۆمی تا ساڵی 2040.