حەماس نامەیەکی تایبەتی بۆ ترەمپ ناردووە

دوو سەرچاوە کە یەکیان لە ئیدارەی ترەمپ و ئەوەی دیکەیان ئاگادارە لە دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، حەماس نامەیەکی تایبەتی لەبارەی ئاگربەستی غەززە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا ناردووە.

دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025، فۆکس نیووزی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی بڵاوی کردووەتەوە، حەماس نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ناردووە، کە تێیدا داوا دەکات ئەمەریکا گەرەنتی ئاگربەستی 60 ڕۆژ و ئاڵوگۆڕکردنی و ئازادکردنی نیوەی بارمتەکان بکات.

فۆکس نیووز باسی لەوەش کردووە، نامەکە لەم هەفتەیە دەگاتە دەستی سەرۆکی ئەمەریکا.

سێشەممە 16ـی ئەیلوولی 2025، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئاگادارم حەماس دەیەوێت بارمتەکان وەکوو قەڵغان بەکار بهێنێت، بەڵام ئەگەر بێتو ئەو لێدوانانە ڕاست بێت، ئەوا دەرەنجامێکی زۆر خراپی بۆ حەماس دەبێت و دووچاری "کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە".

لە بەرانبەردا، بزوتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکای دابوویەوە و گوتی "ئەوەی ترەمپ دەیڵێت، لایەنگریی تەواوە بۆ ئیسرائیل و قسەکانی ڕەتدەکەینەوە." ئاماژەی بەوەش دراوە، هەڵوێستەکانی ئەمەریکا دژ بەیەکن، چونکە گرنگی بە چەند بارمتەیەک دەکەن، لە بەرانبەردا کوژرانی زیاتر لە 62 هەزار کەس لە غەززە لەبەرچاو ناگرن.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ سەر شاری غەززە، ناوەندی کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کردبوو، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکان، لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی چەکدارانی قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینییە).

سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردبوو، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکان ئەنجام دەدرێت، کار بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و لەناوبردنی یەکجارەکی حەماس دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment