ناوەرۆکی ڕێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان

سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: داهاتی نانەوتی نابێتە بەربەست لەبەردەم ناردنی مووچە

سەرچاوەیەکی باڵا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرسی مووچە یەکلایی دەکرێتەوە و کاتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش دیاریی دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەکی باڵا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی و کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن.

ئەو سەرچاوەیە زانیاری زیاتری لە بارەی ڕێککەوتنەکە خستەڕوو و گوتی: دوای گفتووگۆیەکی دوور و درێژ و چەندین کۆبوونەوە، هەر سێ لا، بەو رەشنووسەی ئامادەکراوە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رازیبوونە و هیچ لایەکیان تێبینییان لەسەر ڕەشنووسەکە نییە.

لە بارەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، ئەو ڕێککەوتنە بە دڵنیاییەوە تاوەکو سبەی واژۆ دەکرێت، چونکە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

هاوکات گوتیشی: سبەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکە ئەو ڕێککەوتنە دەخاتەڕوو.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی نەوتە، هەروەها مافی هەر سێ لا دەستەبەر دەکات.

سەبارەت بە وردەکاریی تایبەت بە چۆنیەتی هەناردەکردنەوەی نەوت، سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن نەوەک حکوومەتی فیدڕاڵی، کۆمپانیاکان نەوتەکە بەرهەم دەهێنن و ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی دەکەن، دوای ئەوەش حکوومەتی هەرێم نەوتەکە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات.

دەشڵێت: نەوتەکە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت و کۆمپانیای سۆمۆش لە بەندەری جەیهان نەوتەکە وەردەگرێت و دەیفرۆشێت.

کوردستان24 زانیویەتی، حکوومەتی عێراق لە بری پارە، نەوت بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت دەدات، بەڵام پێدانی نەوتەکە لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە.

بە پێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ 233 هەزار بەرمیل لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنراوە، واتا بە گشتی ڕۆژانە نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، 50 هەزار بەرمیل هەر لێرەوە جیا دەکرێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوەخۆیی و 180 هەزار بەرمیلیش دەدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ.

سەبارەت بە وەڵامەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەنجوومەنی دەوڵەت بێ دڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی نەکردووە، هەندێک لە ڕەشنووسی هەردوو حکوومەتەکەی هێناوە و بەو شێوەیە وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی داوەتەوە. بەڵام هەردوو حکوومەت بەو کارەی ئەنجوومەنی دەوڵەت ڕازی نین.

لە بارەی ئەوەی ئایا داهاتی نانەوتی دەبتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە، سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، داهاتەکە نابتە ڕێگر، ئەگەر نەوت هەناردە کرایەوە و ئەوا هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات، واتا ڕەنگە هەرێم مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بداتە بەغدا تاوەکو هەردوولا دەگەنە رێککەوتن.

هەڵوێستی ئەپیکور

لای خۆیەوە مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، تایبەت بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەیەکی نزیکدا ئەپیکور، بە فەرمی ڕاگەیەنراوی لە بارەی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەی ئەمڕۆ بڵاو دەکاتەوە.

دوێنێ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکرێت سبەی دووشەممە، 22ـی ئەیلوول ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بکرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment