کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم لەبارەی کوژرانی باوکی وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە

کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم ڕەتیدەکاتەوە هیچ کێشەیەکی خێزانییان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا هەبێت و داواش لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات، ڕاستیی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، کەسایەتیی دیاری دەڤەری گەرمیان و پێشمەرگەی دێرین، لە گوندی 'ئۆمەربل'ـی قەزای کفری کوژرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، کۆچەر، کوڕە گەورەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، لەبارەی چۆنییەتی و هۆکاری کوشتنی باوکی، بە هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نزیکەی کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی دوێنێ (دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025) باوکم گەڕاوەتەوە گوندەکەمان (ئۆمەربل)، بەڵام پێش ئەوەی بگاتەوە ماڵەوە، سەردانی باخەکەمانی کردووە کە هەر لە دەوروبەری گوندەکەیە. دوای ئەوەی دوو کاتژمێر زیاتر دەنگی نەما و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانمانی وەڵام نەدایەوە؛ بەدوایدا گەڕاین و تەرمەکەیمان لەوێ دۆزییەوە."
بە گوتەی کۆچەر، لە کامێراکانی چاودێرییەوە بینیویانە، ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەری باوکی دوای کوژرانی، لە لایەن کوژراوەکەوە دزراوە و تا ئێستا نازانن بۆ کوێ بردراوە.
کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم ڕەتیکردەوە هیچ کێشەیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتییان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک هەبێت و جەختی کردەوە "گومانمان لە هیچ کەسێک نییە، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەمان لەگەڵ کەس نییە." هاوکات داواشی لە دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد "ئەرکی پیشەیی خۆیان بەجێ بگەیەنن، ڕاستیی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن و تاوانباری سەرەکیی ئەو کارە قێزەونە ڕادەستی دادگا بکەن."
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی جیاواز لەبارەی چۆنییەتی کوژرانی ئەو کەسایەتییەی دەڤەری گەرمیان بڵاوبووەتەوە. بەشێکی بەکارهێنەران باس لەوە دەکەن، لە لایەن کەسێکی نزیکییەوە کوژراوە و بەشێکی دیکەشیان دەڵێن "لە لایەن شوانە عەرەبەکەیانەوە کوژراوە، چونکە بەم دواییانە کێشەیەک لە نێوانیدا هەبوو."
کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم هەموو ئەم دەنگۆیانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت "هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و بێ بنەمان؛ ئێمە هەر شوانی عەرەبمان نییە."