ئاسۆی ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ئەورووپی ناڕوونە

ئێران و زلهێزە ئەورووپییەکان لە دوا هەوڵەکانیاندان بۆ ڕێگریی لە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران، بەڵام هەموو لایەنەکان هیوایەکی کەمیان بە گەیشتنە ڕێککەوتن هەیە.

سێشەممە. 23ی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند "وەزیرانی دەرەوەی ئێران، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران کە مشتومڕی لەسەرە، لە کاتێکدا هەڕەشەی گەڕانەوەی سزاکان لە ئارادایە.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، لە 28ی ئابی 2025 پرۆسەیەکی 30 ڕۆژەیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێ کرد. ئەوان، تاران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەندی ڕێککەوتنی ساڵی 2015 نەبووە، کە بەمەبەستی  ڕێگریی لە پەرەپێدانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە، مۆر کرابوو. تاران هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە.

لێدوانی پێچەوانە

دوێنێ دووشەممە، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ڕۆیتەرزی گوت: "ئەمڕۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا و ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە پەیوەندیداین. بیرۆکەی جیاواز خراونەتەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر کراوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران، هەفتەی ڕابردوو بە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێرانی وت: "ئەوان چەندین جار ئێرانیان تاقی کردووەتەوە و دەزانن کە ئێمە وەڵامی زمانی فشار و هەڕەشە نادەینەوە.. هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا بتوانین چارەسەرێکی دیپلۆماسی بدۆزینەوە، ئەگەرنا، تاران ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتەبەر."

زلهێزە ئەورووپییەکان، پێشنیازیان کردووە "سەپاندنەوەی سزاکان تا شەش مانگ دوابخەن، تاوەکوو دەرفەت بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانەوە بڕەخسێ؛ بە مەرجێک ئێران ڕێگە بە پشکێنەرانی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بداتەوە، نیگەرانییەکان لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی چارەسەر بکات و دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات."

ئاسۆی ڕێککەوتن ناڕوونە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزاکان، دوو دیپلۆماتکاری ئەورووپی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند "دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستا مەرجەکانی سێ وڵاتە ئەورووپییەکەیان جێبەجێ نەکردووە.  ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێرانە. پێویستە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەخێرایی هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕێگریی لە گەڕانەوەی سزاکان. ئەگەرنا، سزاکان دووبارە دەسەپێنرێنەوە."

دیپلۆماتکارێکی دیکەی ئەورووپی گوتی: هیوای گەیشتن بە ڕێککەوتن زۆر کەمە. کەمترین شت ئەوەیە کە ئێرانییەکان ڕاپۆرتە تایبەتەکە پێشکەش بکەن و ڕێگە بە سەردانێکی ڕەمزیی پشکێنەران بدەن بۆ هەندێک لە ناوەندە ئەتۆمییەکان، بەڵام تەنانەت ئەوەش ڕەنگە سەرنەگرێت چونکە لەوانەی ئەمەریکا ڤیتۆی بکات.

ئەگەر تاران و وڵاتانی ئەورووپی تا کۆتایی ڕۆژی 27ی ئەیلوول نەگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر درێژکردنەوەی ماوەکە، ئەوا هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە.

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند "ئێران بەسەر هەموو سزایەکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکاندا زاڵ دەبێت." بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: ناڕەزایەتیی خەڵک لە دۆخی خراپی ئابووری، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات و پێناچێت سەرکردەکانی ئەو وڵاتە ڕێگەچارەیەکیان بۆ ئەو قەیرانە هەبێت.

ئەمڕۆ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "من لە نیویۆرکم بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژانەی ماونەتەوە بۆ ڕاوێژی دیپلۆماسی بەکار بهێنم کە ڕەنگە بتوانین چارەسەرێک بدۆزینەوە، خۆ ئەگەر ئەوە نەکرا، ئێمە لەسەر ڕێگەی خۆمان بەردەوام دەبین." 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment