سلێمانی.. تەقەکەرانی گەڕەکی چوارچرا دەستگیر کران

ئەو دوو چەکدارەی کە ئەمڕۆ لە سلێمانی تەقەیان لە بنکەی پۆلیسی چوارچرا کرد، دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 23ـی ئەیلوولی 2025، لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، دوو چەکدار هەڵیانکوتایە سەربنکەی پۆلیسی گەڕەکەکە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوو چەکدارەکە دوای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ پاسەوانەکانی بنکەی پۆلیسی چوارچرا، هەردووکیان دەستگیر کران و کارمەندێکی پۆلیسیش بریندار بوو.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: لەسەر ئەم ڕووداوە دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، تۆمەتباران دانیان بەوە داناوە کە هەڵگری بیری توندڕەوین.
ئاسایشی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا هەردوو تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.