ترەمپ: ڕەنگە ئۆکرانیا بتوانێت خاکە داگیرکراوەکەی وەربگرێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا لە نوێترین هەڵوێستیدا لە بەرانبەر ڕووسیا توند دەردەکەوێت و ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئابووری مۆسکۆ لە ئاستێکی خراپدایە، ڕەنگە ئۆکرانیا بتوانێت دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە و ناوچە داگیرکراوەکانی وەربگرێتەوە.

سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس) نووسیویەتی: دوای ئەوەی بە تەواوی لێکۆلینەوەم لە دۆخی سەربازی و ئابووری ئۆکرانیا ڕووسیا کرد، بۆم دەرکەوت، بەهۆی ئەو کێشە ئابوورییەی دووچاری ڕووسیا بوویتەوە، ئۆکرانیا بە پشتیوانی یەکێتی ئەورووپا، بتوانێت خاکەکی وەربگرێتەوە، ڕەنگە بتوانێت هێرشی بکات و ناوچەکانی دیکەش بگرێت.

باسی لەوەش کرد، بە کات و ئارامگرتن و پشتیوانی دارایی ئەورووپا و بەتایبەتی ناتۆ، گەڕانەوە سنوورەکانی پێش دەستپێکردنی ئەم جەنگە، ئەگەرێکی زۆر کراوەیە، چونکە ڕووسیا بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیوە بە شێوەیەکی بێ ئامانج لە جەنگ دایە، کە دەبوو هێزی سەربازی ڕاستەقینە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا بیباتەوە، ئەمە ڕووسیا بەهێز دەرناخات. ئاماژەشی دا، لە پێدانی پێدانی چەک بە ناتۆ بەردەوام دەبن.

کۆبوونەوەی ترەمپ و زێلینسکی 

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە، بەر لە کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان کرد و ئاماژەی دا، ئەگەر درۆنەکانی ڕووسیا سنوورەکانی ئەورووپای بەزاند، دەبێت ناتۆ درۆنەکانی بخاتە خوارەوە، دەشڵێت، تەنانەت لە باردودۆخی گونجاو هاوکارییان دەکەن.  

ترەمپ گوتیشی: ڕووسیا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا زۆر باش دەرنەکەوتووە، ئەو جەنگە دەبووایە زۆر بە خێرایی کۆتایی هاتبا، بەڵام نزیکەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە، واش دەرناکەوێت بەم نزیکانە کۆتایی بهێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی هێشتا متمانەی بە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەیە، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: چەند مانگێکی داهاتوو ئەوا دەزانین.

لەبارەی ئەو پێشکەوتنانەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان، ترەمپ باسی لەوە کرد، ئابووری ڕووسیا لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە، هاوکات سوپای ئۆکرانیا زۆر بە باشی لە بەرانبەر هێزەکانی مۆسکۆ بەرگری دەکەن.

دوای کۆبوونەوەکە زێلێنسکی گوتی: لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، و سوپاسگوزاری ترەمپم بۆ ئەم دەرفەتە.

باسی لەوەش کردووە، ئەمڕۆ، گرنگییەکی زۆر بە پرسی گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە درا کە لەلایەن ڕووسیاوە ڕفێندراون، هەروەها پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی ژیان.

دەشڵێت: گفتوگۆمان لەسەر چەندین بیرۆکەی هیوابەخش کرد بۆ نزیکبوونەوە لە ئاشتی، هیوادارم بەخێرایی ئەنجامییان هەبێت.

ئاماژەشی دا، دوای ئەوەی جەنگ کۆتایی دێت، ترەمپ ئامادەیە گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دابین دەکات، هاوکات ئەو ئێستا لە زیاتر ئاگای لە جەنگەکەیە و تاکە کەسە بتوانێت گۆڕانکاری بکات.

کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا 

سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زێلێنسکی، لەگەڵ ئورسوڵا ڤۆندێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەوە، ترەمپ ستایشی کار و ڕۆڵی ئورسوڵا ڤۆندێر لایەن کرد کە بۆ یەکێتیی ئەورووپای کردووە.

لەبارەی ئەوەی ئەورووپا نەوت لە ڕووسیا دەکرێت، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا گوتی: ئێمە بە ڕێژەیەکی بەرچاوە ئاستی کڕینی غازمان لە ڕووسیا کەم کردووەتەوە؛ هاوکات سزا بەسەر ئەو وڵاتانە دەسەپێنین کە وزە لە ڕووسیا بکڕن.

ترەمپ، لە گوتارەکەی لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: ئەگەر ڕووسیا ڕیککەوتن لەبارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا نەکات، ئەوا گەڕێکی دیکە باجی گومرگی بەسەر مۆسکۆ دەسەپێنم.

 
 
Fly Erbil Advertisment