دۆناڵد ترەمپ: دەبێت کۆتایی بە شەڕی غەززە بێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: لە کاتژمێرەکانی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ دەکرێت، پێویستە شەڕی غەززە بووەستێنرێت و بارمتەکان بگەڕێندرێنەوە، دەبێت کۆتایی بەو بارودۆخە بێت کە ئێستا هەیە.
سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ هاوتا فەرەنسیەکەی، ئیمانوێل ماکرۆن، لە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: لەگەڵ سەرکردەکانی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە پرسی کەرتی غەززەوە هەیە، کۆدەبینەوە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: بە حەماس دەڵێم، ئێوە ناتوانن لە دەسەڵات بمێننەوە، بارمتەکانمان هەموو بەیەکەوە دەوێت، نامانەوێ دانە دانە ئازادیان بکەن، ئەو بارمتانەی لە کۆتاییدا دەمێننەوە، ئازادکردنیان زۆر سەخت دەبێت، بە حەماسیش دەڵێت: ئێوە گوتتان ئێمە دەمانەوێت بارمتەکان ئازاد بکەین، نابێت ئەوە لەبیر بکەن، کەس 7ـی ئۆکتۆبەر لەبیر ناکات.
هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، سەبارەت بە شەڕی غەززە، لەگەڵ سەرکردەکانی عەرەبی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات، هاوکات لەگەڵ ئیسرائیل بڕیارنامەیەک دەردەکات کە لەبەرژەوەندی هەمووان بێت، گوتی: ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو دۆخە بووەستێنرێت، ئەو کۆبوونەوەیەی لەچەند کاتژمێری داهاتوو دەکرێت، یەکێک دەبێت لە گرنگترین کۆبوونەوەکان کە لێرە ئەنجام بدرێت.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد لەماوەی 7 مانگدا 7 جەنگی وەستاندووە، بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: هەندێک کۆبوونەوەی نایابمان کردووە، بە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسای گوت:"من هاوڕام لەگەڵ ئێوە و کەسانی دیکەش، دەبێت کۆتایی بەم بارودۆخە بێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن، دەشبێت جەنگ کۆتایی پێبهێنرێت"
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر ئەوەی، دەیانەوێت بارمتەکان هەموویان بەیەکەوە ئازاد بکرێن و شەڕی کەرتی غەززە و ئۆکرانیا بووەستێنن، گوتیشی:"7ـی ئۆکتۆبەر خوێناویترین ڕۆژەکانی جیهان بوو، لەبیری ناکەین.