سەرۆکی کۆڵۆمبیا داوای لێپرسینەوە لە ترەمپ دەکات

گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، داوای لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمەریکییەکەی کرد، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا لە دژی ئەو کەشتیانەی کە گوایە گواستنەوەی ماددەی هۆشبەریان لە کەناراوەکانی کاریبی ئەنجامداوە.

پێترۆ گوتی: "بەفەرمانی ترەمپ ئەو گەنجانەی دەیانویست لە هەژاری ڕزگاریان بێت مووشەکباران کران."

لە میانی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرسیاری ئەوەی کرد، "ئایا بەڕاستی پێویست بوو ئەو گەنجانە کە لەدەستی هەژاری ڕایان دەکرد، هەوڵیان دەدا بۆ ژیانێکی باشتر و بێبەرگریبوون لە کەناراوەکانی کاریبی، مووشەکباران بکرێن؟" ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئەوانەی کە کراونەتە ئامانج "ڕەنگە بڕێکی دیاریکراوی ماددە هۆشبەرەکانیان پێ بووبێت، بەڵام بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان نین."

پێترۆ بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتی دژە ماددە هۆشبەرەکانی ئەمەریکا گرت و گوتی:  ئامانجم پشتیوانیکردنە لە "سیاسەتی هەژموون".

سەرۆکی کۆڵۆمبیا گوتی: "سیاسەتی دژە ماددە هۆشبەرەکان بە مەبەستی وەستاندنی هاتنی کۆکاین نییە بۆ ئەمەریکا، بەڵکو زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی گەلانی باشوورە بە گشتیی."

پێش چەند ڕۆژێک بە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ هێرش کرایە سەر چەند کەشتییەک لە کەنباراوەکانی دەریای کاریبی، کە گوایە ماددەی هۆشبەریان پێوبووە و گواستوویانەتەوە، تێیدا 12 کەس کوژران.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment