لە هەولێر حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هەموو ساڵێک تای خوێنبەربوون لە کوردستان لە مانگەکانی 7، 8، 9 تۆمار دەکرێت."

ڕاشیگەیاند: "ئەمساڵ خۆشبەختانە بە بەراورد بە ساڵانی دیکە حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون زۆر کەمتر بوو، بەڵام ئێمە ساڵانە ڕێنمایی تایبەتمان بۆ پزیشکەکان و هاووڵاتیان هەیە، ئەگەر هاتوو نیشانەکان هەبوون زیاتر تیشکیان بخرێتە سەر."

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر دەشڵێت: "ئێستا نەخۆشێکی تای خوێنبەربوونمان لە شاری هەولێر هەیە کە ئافرەتێکی تەمەنی 42 ساڵە و دانیشتووی قوشتەپەیە. ئەم کەسە ئاژەڵدارە و بەرکەوتەی هەیە لەگەڵ ئاژەڵ. سەردانی چەند نەخۆشخانەیەکی کردووە و دواتر بەگوێرەی پشکنینەکان دەرکەوتووە تای خوێنبەربوونی هەبووە لە کۆئەندامی هەرس و جگەر، هەر بۆیە پێشبینی تای خوێنبەربوونی لێکرا."

دلۆڤان محەممەد گوتیشی: "ئێمە لە تاقیگەی خۆمان پشکنینی گشتیمان بۆ کردووە و بەداخەوە پۆزەتیڤ دەرچووە. بۆ پشتڕاستکردنەوەش تێستێکمان ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بە تەواوی دڵنیا ببینەوە و تا ئێستا وەڵامەکەی نەگەڕاوەتەوە. هەروەها ئێمە وەک مامەڵە کردن و چارەسەرکردن دەستمان پێکردووە و بەردەوامین."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment