سامانە سروشتییەکان: چاوەڕێی واژۆی وەزارەتی نەوتی فیدراڵین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێی واژۆی وەزارەتی نەوتی فیدراڵن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق جێبەجێ کردووە و ئێستا تەنها چاوەڕوانی واژۆی کۆتایی لایەنی بەغدان.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هەموو کۆمپانیا نەوتییە ناوخۆیی و بیانییەکان ڕێککەوتننامەکانیان واژۆ کردووە "تەنیا یەک کۆمپانیای بیانی نەبێت کە هێشتا واژۆی نەکردووە، بەڵام ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕێککەوتنە سێ قۆڵییەکە نابێت."

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەڵامی ڕەزامەندییەکانی خۆی و کۆمپانیاکانی، 23ـی ئەم مانگە بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکە وەڵاممان بداتەوە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سۆمۆ (کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق) دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکات و بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، لەسەر میکانیزم هەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وەستا، دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی لە پاریس کە ڕایگەیاند تورکیا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment