کارتی بایۆمەتری بە دەنگدان دەدرێتەوە

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولێکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەست بە دابەشکردنی کارتی دەنگدان کراوە.

مەڕوان محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی 53 بنکەی نوێ کردنەوەی کارتی بایۆمەتری لەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 90 هەزار کارتی دەنگدان دەکرێت و داوا لە هاووڵاتیان دەکات سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ئەوەی کارتەکانیان وەربگرنەوە.

گوتیشی، نزیکەی 16 هەزار کارتی کۆن هەیە کە هاووڵاتیان سەردانی بنکەکانیان نەکردووە بۆ وەرگرتنەوەیان، بەڵام ئەوەی ئێستا تایبەتە بەو هاووڵاتیانەی سەردانی بنکەکانیان کردووە لە 9ی کانوونی یەکەمی 2024ەوە تا 24ی حوازەیرانی 2025 دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە..

هەروەها مەڕوان محەممەد ڕاشیگەیاند، لە کاتی دەوامی فەرمی فەرمانگەکە کاتژمێر 8:30 بەیانی تا 3ی دوای نیوەڕۆ هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن و تەنانەت ڕۆژی دەنگدانیش کارت دابەشکردن بەردەوام دەبێت و خاوەن کارتەکە خۆی یان کەسی یەکەمی خێزانەکە دەتوانێت کارتی ئەندامانی خێزانەکە وەربگرێتەوە.

سەبارەت بەو ڕێکخراوانەی دەیانەوێت چاودێری پڕۆسەکە بکەن، مەڕوان محەممەد گوتی، دەبێت ڕێکخراوەکە تۆمارکراو بێت و سەردانی کۆمیسیۆن بکات بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی، گوتیشی: داواکارییەکە بەرز دەکەینەوە بۆ نووسینگەی بەغدا و لەوێ کۆدێکی تایبەتیان پێدەدرێت و دواتر لە ڕێگەی لینکێکی فەرمییەوە ئەو کەسەی دەیەوێت وەکوو چاودێر بەشدار بێت دەتوانێت داواکارییەکەی تۆمار بکات، هەمان ئەم میکانیزمە بۆ دەستنیشانکردنی بریکاری لەلایەنە سیاسییەکانیش دەگونجێت. 

لە بارەی پشووی ڕۆژانی دەنگدان و ڕاگیرانی پرۆسەی خوێندن، مەڕوان محەممەد گوتیشی، "بەپێی ئەو پڕۆتۆکۆلەی هەمانە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵی، پێنج ڕۆژ بەر لە دەستپێکی پڕۆسەی دەنگدان قوتابخانەکان ڕادەستی کۆمیسیۆن دەکرێن".

 
 
Fly Erbil Advertisment