وەرزی لێکردنەوەی گوێزی هەورامانە
وەرزی لێکردنەوەی گوێزی هەورامانە و جووتیاران سەرقاڵی کۆکردنەوە و ئامادەکردنین بۆ بازاڕ. ئەم گوێزانە دواتر پاک دەکرێنەوە و وشک دەکرێنەوە بۆ فرۆشتن.
ناوچەی هەورامان خاوەنی نزیکەی 95 هەزار داری گوێزە، کە باشترین جۆری گوێزی کوردستان بەرهەم دەهێنێت.
داری گوێز بە دارێکی بەهێز و تەمەن درێژ دادەنرێت، هەندێک لە دارەکان تەمەنیان دەگاتە 200 بۆ 300 ساڵ و بەرزییان دەگاتە نزیکەی 40 مەتر. وەک تاکە جۆرە دارێک ناسراوە کە ئۆکسجین بەرهەم دەهێنێت و دوانەئۆکسیدی کاربۆن ناگرێتەوە. ساڵانە هەر دارێکی گوێزی بەتەمەن و تەندروست چەندین هەزار گوێز دەگرێت.
گوێزی هەورامان یەکێکە لە بەرهەمە تایبەتەکانی کوردستان و ساڵانە بایەخێکی زۆری پێدەدرێت، بەتایبەتی لەلایەن خەڵکی ناوچەکە.
بازاڕی شارۆچکەی بیارە لە وەرزی گوێزدا قەرەباڵغ دەبێت و زۆربەی دوکانەکان گوێزی ئەمساڵیان پێگەیشتووە و خواستێکی زۆری لەسەرە. کڕیاران لە ناوخۆ و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕوو لەم بازاڕە دەکەن.
محەممەد دارا، دوکاندار بە ئاسان محەممەد پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند،، گوێز لە هەموو گوندەکانی هەورامانەوە دەهێنرێتە بیارە و بە نرخێکی باش دەفرۆشرێت. لە ئێستادا نرخی یەک کیلۆ گوێز نزیکەی 6000 بۆ 7000 دینارە.
عەبوود محەمەد، لە باشووری عێراقەوە سەردانی بیارەی کردووە و بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت "هاتوینهته ناوچهی ههورامان و بیاره. بهناوبانگه به گوێزه تایبهتهكهی و ساڵانه خهڵك سهردانی دهكهن و گوێز لێره دهكڕن و دهیبهنهوه. جۆرهكهی زۆر باشه و دهگمهنه. تامیشی زۆر خۆشه. ماشاڵا، گوێزی زۆره."
بە زاراوەی هەورامی بە گوێز دەگوترێت "گویز" و بە ناوکی گوێزیش "مژگەی" دەوترێت، کە بە واتای "مێشک" دێت. ئەم ناوە بەهۆی شێوەی ناوکی گوێزەوە هاتووە کە لە مێشکی مرۆڤ دەچێت. شارەزایانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی گوێز بۆ بەهێزکردنی مێشک زۆر سوودبەخشە.