ڕوبیۆ: سەرۆکی سووریا پابەندە وڵاتێکی گشتگیر بنیات بنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرۆکی سووریا پابەندە وڵاتێکی گشتگیر بنیات بنێت، دەشڵێت، واشنتن پشتگیری لوبنان دەکات ئەو قەیرانە ئابوورییە سەختە تێپەڕێنیت.
چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند، لەگەڵ سووریا دەرفەتی باش و ناوازە هەن بۆ داهاتوو ئەو وڵاتە کە کاری لەسەر دەکەین.ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئامادەی خۆی بۆ پابەندبوون بەکارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ سووریایەکی گشتگیر و فرە پێکهاتەی دووپات کردووەتەوە. گوتیشی: سەقامگیری سووریا، دەبێتە هۆی سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.
مارکۆ ڕوبیۆ، لەبارەی پشتگیرییەکانی واشنتن بۆ لوبنان ئاماژەی دا، "ئەمەریکا پشتگیری لوبنان دەکات لەو قەیرانە ئابووریەی سەختەی دووچاری وڵاتەکەی بووە تێپەڕێنیت، هەروەها حکوومەتی لوبنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ئێران لە وڵاتەکە بەردەوام دەبێت."
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئێران دەڵێت"ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و وێرانکەر، چونکە تاران پەیڕەوی سیاسەتی تێکدانی سەقامگیری دەکات."هەروەها ئاماژەشی دا، ئێمە هەوڵدەدەین، هەموو بارمتەکان لە غەززە ڕزگار بکەین و ئەو کەرتە لە تیرۆرستان پاک بکەینەوە.
لە ڕۆژی دووشەممە 24ـی ئەیلوولی 2025، کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکردووە، بڕیاریشە تاوەکوو 30 ئەیلوول بەردەوام بێت، تاوەکوو ئێستا لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، شاندی وڵاتان لە سەرانسەر جیهان کۆبوونەوەی زۆر گرنگییان لەبارەی پرسە هنووکەیەکان کردووە، هەر ئەمڕۆ شاندەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا لەبارەی پرسی ئۆکرانیا، سەرۆکەکانی فەرەنسا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران و چەندی کۆبوونەوەی دیکەی گرنگ بەڕێوچوون، هەروەها دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردەکانی عەرەبی و ئیسلامی لەبارەی پرسی غەززە کۆبوونەوە.