ماکرۆن: دەبێت ئێران لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە مەرجەکانمان ڕازی بێت
ئیمانۆیل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە.
ماکرۆن، دوای کۆبوونەوەکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسی"لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران گفتوگۆم کرد، پێش هەموو شتیک، جارێکی تر داخوازیی خۆمم بۆ ئەو دووپات کردەوە دەبێت سیسل کولەر، ژاک پاریس و لونارت مۆنترلۆس، سێ هاووڵاتی ئێمە کە لە ئێران دەستگیر کراون، یەکسەر ئازاد بکرێن، فەرەنسا هەرگیز دەستبەرداری ڕۆڵەکانی خۆی نابێت."
سەرۆکی فەرەنسا نووسیویەتی"بابەتەکە بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە 'نابێت ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆم ڕابگات'. چونکە ئێران پابەندی پەیماننامە ئەتۆمییەکان نەبووە، ئێمە لەگەڵ ئەڵمانیا و بەریتانیا بڕیارمان دا میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان چالاک بکەینەوە."
ماکرۆن هەروا نووسیویەتی "من جارێکی دیکە داخوازییەکانی خۆمم گەیاندە سەرۆک کۆماری ئێران؛ دەستڕاگەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە هەموو پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، وردەکاریی تەواو سەبارەت بە بڕی یۆرانێومی پیتێنراو و دەستپێکردنەوەی یەکسەری دانوستانەکان؛ ئێمە لەو داخوازییانە پاشگەز نابینەوە."
سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە "ئەگەری ڕێککەوتنێکی ئاوا هەیە. ئێران دەبێت بۆ سەلامەتیی ناوچەکە و سەقامگیریی جیهان، لە ماوەی ئەو چەند کاتژمێرەی کە ماوەتەوە، وەڵامی ئەو مەرجە گونجاوانەی ئێمە دیاریمان کردوون، بداتەوە."
