شەرع چاوی بە ترەمپ کەوت

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە پەراوێزی 80مین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە.
ئاژانسی فەرمیی سانا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، شەرع لە میانی پێشوازییەکدا چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مێلانیایی هاوسەری کەوت. بەمەش دەبێتە دووەمین دیداری شەرع و ترەمپ، دوای دیدارەکەیان لە مانگی ئایاری ڕابردوو لە ڕیاز.
ئەحمەد شەرع ڕۆژی چوارشەممە لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی دۆخی ناوخۆی سووریا، پەیوەندییە دەرەکییەکان، و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی کرد. هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا دا و پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی جیابوونەوەی ساڵی 1974 دووپاتکردەوە.
شەرع سووریای وەک "چیرۆکێک کە هەست و سۆز دەوروژێنێت و ئازار لەگەڵ هیوادا تێکەڵ دەکات" وەسف کرد. ئەم چیرۆکە، بە قسەی ئەو، ململانێیەکی نێوان چاکە و خراپە، ڕاستییەکی لاواز کە تەنیا خودا پشتیوانییەتی و هەڵەیەکی بەهێز کە خاوەنی "هەموو ئامرازەکانی کوشتن و وێرانکارییە."
گوتیشی: "چیرۆکەکەمان وانەیەکی مێژوویی و نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی بەها مرۆییە بەرزەکانە لەم شەڕە ئەبەدییەی نێوان ڕاست و هەڵەدا. گێڕانەوەی سووریا لاپەڕەیەکی نوێ لەم ململانێیەدا دەگێڕێتەوە، بابەتی درەوشاوە و شایستەی پڕ لە داهێنان، ڕووبەڕووبوونەوە، ئیرادە، سەبر، ئازار، قوربانیدان و ڕزگاربوون."
شەرع خۆی وەک نوێنەری "دیمەشق، پایتەختی مێژوو و شانەدانی شارستانیەتەکان" ناساند، ئەو وڵاتەی کە "جیهانی فێری مانای شارستانییەت و بەهای مرۆڤایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە کردووە." ڕایگەیاند، سووریا 60 ساڵە لەژێر چەقی ڕژێمێکی ناڕەوادا بوو کە بەهاکانی وڵات و گەلەکەی پشتگوێ خستبووە و ساڵانێکی درێژ ستەمی لێکردوون.
گوتیشی، گەلەکە "ڕاپەڕین و داوای ئازادی و کەرامەتی خۆیان کرد، تەنیا بۆ ئەوەی بە کوشتن و سووکایەتیکردن و سووتاندن و دەستدرێژی و ئاوارەبوون بەرەوڕووی بوونەوە." بە قسەی ئەو، ڕژێمی پێشوو "قێزەونترین کەرەستەی ئەشکەنجەدان و کوشتن و ئاوارەیی و ململانێی تایفی" بەکارهێناوە، "مادەی هۆشبەری وەک چەکێک" بەکارهێناوە و "نزیکەی یەک ملیۆن کەسی کوشت و ئەشکەنجەی سەدان هەزار کەسی داوە و نزیکەی 14 ملیۆن کەسی ئاوارە کرد و نزیکەی دوو ملیۆن ماڵی بەسەر دانیشتوواندا وێران کردووە." هەروەها "زیاتر لە 200 هێرشی بەڵگەداردا بە چەکی کیمیایی خەڵکی سووریا کراونەتە ئامانج."
شەرع وتارەکەی بە باسی سەرکەوتنی گەلەکەی بەسەر ئەم ڕژێمەدا کۆتایی پێهێنا، گوتی: "ئەم گەلە هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە ڕێکخستنی ڕیزەکانیان و خۆئامادەکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەی مێژوویی لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی خێرادا. ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە سیستەمێکی تاوانکاریی هێنایە خوارەوە کە 60 ساڵی خایاند."
جەختی کردەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە "پڕ بوو لە ڕەحمەت و چاکە و باڵادەستی لێبوردن و لێبوردەیی" و "لە ئەنجامدا نەبووە هۆی ئاوارەبوونی هیچ مرۆڤێک یان کوشتن."
ڕاشیگەیاند، "بەڵێ ئێمە سەرکەوتنمان بۆ ستەملێکراوان و ئەشکەنجەدراوان و بە زۆر ئاوارەبووەکان بەدەستهێناوە، بۆ دایکی شەهیدان و بێسەروشوێنان سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، بۆ هەمووتان سەرکەوتین، بۆ ئایندەی منداڵەکانمان و منداڵەکانتان سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە. ئێمە ڕێگامان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵەکانیان خۆشکرد."